پارێزەرانی فریاکەوتن: هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەرپرسیارن لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی

دوای زنجیرەیەک هێرشی یەک لە دوای یەک بۆ سەر شاری نەهود و گوندەکانی دەوروبەری, گروپی پارێزەرانی فریاکەوتن هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە پارێزگای کۆردۆفانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ بەردەوامی ململانێکان لە سودان کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، پێشێلکاری ترسناک بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی بەردەوامە و لە ئەنجامدا ڕۆژانە زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە.

 

گروپی پارێزەرانی فریاکەوتن لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕۆژی ٢٥ی تەمووز ڕایگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا دوو هێرشی یەک لە دوای یەکیان بۆ سەر گوندی بریمە ڕەشید کە دەکەوێتە گوندەکانی شاری نەهود، لە ٢٣-٢٤ی تەمووزدا ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ژن و منداڵیشیان تێدابووە، جگە لە دەیان بریندار، ئەو گروپە دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر گوندە گەورەکانی ناوچەی کۆردۆفانی ڕۆژئاوا، لە چوارچێوەی شێوازێکی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی سیستماتیکدا، لەوانە کوشتنی بێ جیاوازی و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانی مەدەنی، کە نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەکات، بە ڕۆشنایی نەبوونی تەواوەتی هیچ پاراستنێک یان دەستێوەردانێک بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک دامەزراوەی تەندروستی لە شاری نەهود، لەوانە نەخۆشخانەی بەشیر، نەخۆشخانەی تەعلیمی، و ناوەندی پزیشکی دکتۆر سلێمان، بە زۆر هاوڵاتیانی مەدەنییان دوورخستەوە، پاشان ئەو هێزانە ئەو دامەزراوانەیان وەکوو ناوەندی چارەسەری سەربازە بریندارەکانیان بەکارهێنا، هەرکەسێک ئامادە نەبوو بڕوات، لێی دەدرا و دەستگیر دەکرا، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ پیرۆزی دامەزراوە پزیشکییەکان و مافە سەرەتاییەکانی نەخۆشەکان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری ڕووبەڕووی بارودۆخی مرۆیی ترسناک بوونەتەوە، لەگەڵ کەمیی توندی پێداویستییە پزیشکی و خۆراکییەکان، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان، دزینی بەروبوومی کشتوکاڵی، هەروەها دامەزراندنی بازاڕی ناوخۆیی بۆ فرۆشتنی بەروبوومی تاڵانکراو لەو ناوچانەی بە دەسەڵاتی خۆیاندایە.

 

ئەو گروپە هێزەکانی پشتیوانی خێرایان بە تەواوی بەرپرسیار کرد لەو زنجیرە هێرشانەی کە هاوڵاتی مەدەنییان کردە ئامانج لە ڕۆژئاوای کۆردۆفان، ئەو ڕووداوانەیان بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی زانی کە گەرەنتی لێپرسینەوەی یاسایی هەیە، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی دابینکردنی پاراستنی بەپەلە بۆ دانیشتووان کردەوە.

 

داوای جێبەجێکردنی ئامرازەکانی دادپەروەری نێودەوڵەتی لە دژی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم پێشێلکاریانە، هۆشداریدا لە بەردەوامی بێدەنگی نێودەوڵەتی کە ئاسانکاری بۆ بێ سزایی دەکات و هاندەری دووبارەبوونەوەی تاوانەکانە، کە دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکەدا، هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان و پابەندبوونی خۆی بە بەردەوامبوونی هەوڵە یاسایی و مافەکانی مرۆڤ بۆ دڵنیابوون لە خزمەتکردنی دادپەروەری ڕاگەیاند.