ڕێپاک: ناگیهان ئاکارسەل کولتووری بەرخۆدان و تێکۆشانی بۆ ژنان جێهێشت
ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد "ڕێپاک" بە ڕاگەیەندراوێک سێیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژنە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیسیانی کورد ناگیهان ئاکارسەلیان بەرز ڕاگرت و تییدا هاتووە: ناگیهان ئاکارسەل کولتووری بەرخۆدان و تێکۆشانی بۆ ژنان جێهێشت.

ناوەندی هەواڵ
لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی ناگیهان ئاکارسەل ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی شەهید کرا، بەم بۆنەیەوە لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدکردنیدا ڕێپاک شەهید ناگیهان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بەبیرهێنایەوە و بەڵێنی بەدیهێنانی خەونی شەهیدانی دووپاتکردەوە.
ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد "ڕێپاک" بە ڕاگەیەندراوێکی نووسراو، سێیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژنە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیسیانی کورد ناگیهان ئاکارسەلیان بەرز ڕاگرت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکی ڕێپاک:
بێگومان خاکی کوردستان بووە بە لانەی ژنانی نەمر، ئەم جوگرافیایە لانکەی کەلتووری مرۆڤایەتیی و بە کۆمەڵگابوونە، ئەم کەلتوورەش بە فکر و ڕۆح و ئیرادە و هێزی ویژدانی ژنان گەشەی سەندووە، لە خواوەندی دێرین نینهورساگ هەتا ناگیهان ئاکارسەل وەک هەڵقەی زنجیر بە هەزاران ژنی زانا و ژیر پێشەنگایەتی نەریتی بەرخۆدانیان کردووە، بەرخۆدانی ژنان بۆ ماف و ئازادیی و یەکسانیی، شانەوشانی مێژوو دێرینە، یەکێک لەو ژنە بەهێزانەش ناگیهان ئاکارسەل بوو، کە بە ڕامان و چالاکی خۆی مۆری خۆی لە مێژووی ژنانی جیهان و کوردستان دا، وەک ڕۆژنامەنووس و ژنێکی ئەکادیمیسیان لەسەر پرسەکانی ژنان و گرنگی ئازادیی ژن، تێگەیشتن و فکری خۆی پێشخست و ساڵانێکی درێژ لەناو میدیای کوردییدا ڕەنجی کێشا.
لە هەمانکاتدا هەوڵێکی زۆری دا بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، لە باکوورەوە تا شنگال و ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان، بە خۆشەویستی و پەرۆشییەوە کاری بۆ پەروەردەکردنی ژنان کردووە تا دوا هەناسەی بەردەوام بوو لە تێکۆشان لەسەر پەرەپێدانی ژنۆلۆژی، بەم هەوڵانە بوو بە دامەزرێنەری بیرۆکەی دروستکردنی کتێبخانە و ئەرشیف و ناوەندێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ژنانی کورد، بە بیرکردنەوە و تێگەیشتن و خۆشەویستی و کردارەوە توانیویەتی وێنەیەکی یەکڕیزیی ژیانی کوردی بکێشێت، بیرۆکەی پەرتووکخانەی ژنانی کورد ڕەنگدانەوەی ئارەزووی ئەو بوو بۆ یەکڕیزیی گەلی کورد لەم ڕوانگەیەوە، سیمبولێکی نەتەوەیی زۆر بەرزە، دەیویست خەباتی ژنان لە ڕێگەی شیعر و توێژینەوە و شیکردنەوە و کارە بەردەوامەکانییەوە بەجیهانیی بکات، خەونی گەورەی ئەو بنیاتنانی جیهانێکی بێ توندوتیژی و بێ داگیرکاری بوو، ئەو هەرگیز دەستبەرداری خەونەکانی نەبوو، ئەم شوێنکەوتووی خەونەکانی بوو، لەم گەشتەیدا خەونی هەموو ژنانی ئازادییخوازی کردە سەرچاوەی تێکۆشان و لێگەڕینەکانی.
ناگیهان ئاکارسەل بوو بە ڕێبواری ڕێگای حەقیقەتی ژنان و کۆمەڵگاکەی، لە ژیان و تێکۆشان و وتەکانیدا زۆر بوێر بوو، ئەو بوێرییەشی لە بەهای کەلتووری ژنانی کۆمەڵگاکەیەوە وەرگرتبوو، لەبەرامبەر شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەلدا، تەنها بە درووستکردنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک دەتوانین تۆڵەی خۆمان بکەینەوە، بەو هەستەوە ئێمە دووبارە سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەل بەرز ڕادەگرین و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بەبیردەهێنینەوە و بەڵێنی درێژەدان بە ڕێگاکەیان و بەدیهێنانی خەونەکانیان دەدەین.