پۆستەری سەرپۆش لە زانکۆکان، ئامرازێکی نوێی فشار

دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، زانکۆکان بوونەتە گۆڕەپانێکی نوێی فشار لە دژی ژنان، پشکنینی ئەمنی و پڕوپاگەندەی سەر دیوارەکان و فشارە ڕەمزیەکان، گوزارشت لە نیگەرانییە قووڵەکانی ڕژێم دەکات.

سایە موحیبی

 

ورمێ-فشارەکە کاتێک دەستپێدەکات کە دەچیتە ناو زانکۆ، دەرگاکان بۆ ژن و پیاو جیا دەکرێنەوە، لە هەر دەرگایەکدا پاسەوانێک هەیە؛ سەیری درێژی جلەکانت و ڕەنگی دەموچاوت و دەرکەوتنی قژت دەکەن، لە کۆتاییدا بە دەنگێکی توند دەڵێن: تۆ بێ شەرم و بێ ڕەوشتی و ژنێکی موسڵمان نیت.

 

خوێندکاری زانکۆ دەریا ح.، بەم وشانە دۆخی زانکۆکانی ئێرانی باس کردو وتی: زانکۆکان شوێنی فشارن، بەتایبەت بۆ ژنان.

 

لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، فشارەکان بۆ سەر خوێندکارە کچەکان زیاتر بوون، بە وتەی ئەو خوێندکارانەی کە لە زانکۆ جیاجیاکان دەخوێنن، پشکنینی ئەمنی لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوە توندتر کراوەتەوە، کامێرای ئەمنی زیاد کراوە و یەکەکانی خوێندکارانی سەر بە ڕێژیم بەهێزتر کراون.

 

پۆستەر و نووسینی دژە ژنان لەسەر بینای زانکۆکان

بەڵام دیوێکی تری ستەمەکەش سەریهەڵداوە: پۆستەرەکان کە ڕیکلام بۆ سەرپۆش دەکەن، ئەم پۆستەرانە ڕاستەوخۆ ژنان دەکەنە ئامانج و لەم دواییانەدا بە ئاشکرا لەسەر بینای زانکۆکان دەردەکەون. زۆرجار ئەم پۆستەرانە شێوازی جلوبەرگی زانکۆ و پێناسەی "ژنێکی بێگەرد و قبوڵکراو" لەخۆدەگرن.

 

سورەیا.خ، چالاکی مافی ژنان و کۆمەڵناس، باس لەوە دەکات کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تابۆی "ڕووپۆشکردنی گشتی" لە کۆمەڵگەی ئێراندا بە شێوەیەکی جددی شکێنراوە، هەروەها باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئیسلامی تا ئێستاش هەوڵی سەپاندنی ئەو هێمایە دەدات و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە هەوڵی بەهێزکردنی هێما ئایدۆلۆژییەکانی خۆیدایە بە پۆستەری پەردەپۆشکراو. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیەوە، ئەم پۆستەرانە نموونەی توندوتیژییە.

 

کۆمەڵگە فشار قبوڵ ناکات

بە بڕوای شرۆڤەکارانی سیاسی، باڵاپۆش تەنیا هەڵبژاردنی جلوبەرگی کەسی نییە بۆ ڕژێمئ ئێران؛ هەروەها پایەیەکی بنەڕەتی ناسنامەی ئایدیۆلۆژیی ڕژێمە، بۆیە پاشەکشەکردن لە سەرپۆش دەبێتە شکستێکی سیاسی بۆ دەسەڵات. بۆیە ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە کە بەردەوام لەناو زانکۆدا دووبارە دەبنەوە، وەک هەوڵێک بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی شەرعیەت و وەک فۆرمێک لە دەسەڵاتی کولتووری لێکدەدرێتەوە. بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ئەم فشارە قبوڵ ناکەن.

 

بە واتایەکی تر دابەشکردنی پۆستەری باڵاپۆش لە زانکۆکاندا نیشاندانی دەسەڵات نییە؛ بە پێچەوانەوە دانپێدانانێکی ئاشکرایە لە خەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕژێم، هەوڵی ئاساییکردنەوەی فشارەکان ئێستا لە ژینگەیەکدا دەکرێت کە ئەم فشارە ڕەتدەکاتەوە.

 

ەمڕۆ دوای سێ ساڵ بەسەر ناڕەزایەتییەکان، زۆرێک لە زانکۆکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی کۆنتڕۆڵ دەکرێن بۆ چوونە ژوورەوە و دەرچوون و جلوبەرگ بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ چەوساندنەوە و دوورخستنەوەی خوێندکارانی کچ. بەڵام ئەم فشارانە لەبری ئەوەی ببنە بەربەست لە خەباتی خوێندکاری کچ، هۆشیاری لە پێویستی بەرخۆدان زیاتر دەکەن.