"مناڵەکانی ئێمە خاکی خۆیان دەپارێزن"

فاتمە عومەر دایکی سێ شەڕڤانی تەڤگەری ئازادییە، دەربارەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان وتی :" گەریلا کوردن و مافی خۆیانە لە کوردستان بژین ، تورکیا ئەو مافەی نییە و بونیان لەسەر خاکی باشور داگیرکارییە، دەبێت هێزی پێشمەرگەو گەریلا لە بەرامبەر ئەو داگیرکاریە شەڕ بکەن".

 

بەرچەم جودی

کۆبانی- هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان بەردەوامیی هەیەو دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا فڕۆکەی جەنگی و چەکی قورس و چەکی فسفۆڕو کیمیایی بەکار دەهێنێت و شەڕڤانانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە چوارچێوەی هەنگاوی خابور و بازەکانی زاگرۆس وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە.

ژنێک بە ناوی فاتمە عومەر کە تەمەنی ٦١ ساڵەو دایکی دوو شەڕڤانی تەڤگەری ئازادییەو ڕۆڵەیەکیشی لە ساڵی ٢٠٠٣ لە چیاکانی کوردستان گیانی لەدەستداوە، زیاتر لە ٣٠ ساڵە کارو خەبات دەکات و چەند جارێکیش ڕێبەری گەلی کورد (عەبدوڵا ئۆجەلان) ی بینیوە.

فاتمە بۆ ئاژانسی ژنها لەسەر داگیرکاری تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و هاوکارییەکانی پەدەکە قسەی کرد و سەرەتا بە باسکردن لە تەڤگەری ئازادی وتی :" ئێمە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەگەڵ تەڤگەری ئازادیین و ئەو کاتە ماڵی ئێمە لە گوندی خەربەی شام بو، خەبات و ڕێخستنم لەناو گەلی خۆم دەکرد ، کۆبونەوەم ڕێکدەخست و پێشوازیم لە شەڕڤان و بریندارەکان دەکرد، من بە سەدان شەڕڤانی تەڤگەری ئازادییم ناسیوە و دوو کچی من لە ساڵی ٩٠ەدەکان بەشداری تەڤگەری ئازادیی بون و قارەمانێکیان لە ساڵی ٢٠٠٣ لە یەکێک لە چیاکانی کوردستان گیانی لەدەستدا .

وتیشی :" کاتێک ڕۆڵەکانم بڕیاریاندا من نەبومە ئاستەنگ لەبەردەمیان و پشتگیریم لێ کردن، کاتێک قارەمان ماڵئاوایی لێکردم پێمی وت:" دایە خۆت خەمگین و دڵتەنگ مەکە و لەگەڵ هەڤاڵان دەچم کوردستان ڕزگار دەکەم ."، من بە ڕۆڵەکانی خۆم سەربڵندم و هیچ کات پەشیمان نیم".

 

شوێنی گەریلا خاکی کوردستانە

فاتمە لەسەر داگیرکاریی دەوڵاتی تورکیا وتی :" لە چیاکانی کوردستان شەڕێکی سەخت بەڕێوەدەچێت و دەوڵاتی تورکیا لە تەواوی کوردستان هەڵمەتی داگیرکاریی دەستپێکردوەو  منداڵ و هەڤاڵ وسەدان کەس کە بەدەستی ئێمە و لای ئێمە رۆیشتون ، شەڕ دژیی داگیرکاریی دەکەن ، بەڵام بەداخەوە حکومەتی باشوری کوردستان هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات و لەمانگی ڕابردو کچی خوشکی من شەهید ساریا لە ئاڤاشین بە هێرشی کیمیایی دەوڵەتی تورکیا گیانی لەدەستدا ، ئێمە دەزانین دەولەتی تورکیا دوژمنی ئێمەیەو دەیەوێت کورد لەناو ببات و بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی لە بەرامبەر ئێمە دەجەنگن.

 

دەبێت پێشمەرگە و گەریلا لە بەرامبەر داگیرکاریی شەڕ بکەن

 فاتمە بانگەوازی بۆ یەکێتی نەتەوەیی کردو و وتی :" کاتێک ئێمە لە هەواڵەکان تەماشا دەکەین رۆڵەکانی ئێمە دژی داگیرکاریی بەرخۆدان دەکەن کەیفخۆش دەبین و داوا لە دایکانی پێشمەرگە دەکەم کە ڕۆڵەکانمان چەک لە ڕوبەڕوی یەکتر بەکار نەهێن و دەبێت پێشمەرگە و گەریلا پێکەوە شەڕ دژی داگیرکاریی تورکیا بکەن".