گردبوونەوەیەک لەبەردەم دادگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی بانگەوازی خێزانی زیندانیانی بادینان و هەولێر کە بڕیاربوو سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دادگایی بەشیکیان بکرێن، کۆمەڵێک چالاکوان لەبەردەم دادگای هەڵەبجەدا کۆبوونەوە و ئاماژەیان بەوەدا دادگاییکردنەکە یاسایی نییە.
هەڵەبجە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک چالاکوان لەبەردەم دادگای هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی خوێندەوە، تێیدا داوایان کرد دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ئەو زیندانیانە و تەواوی کەسانی ئازادیخواز لە هەموو چین و توێژەکان.
لەبەیاننامەکەدا باسیان لەوەکرد، ناوچەکەیان بە هەلومەرجێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت، بەڕادەیەک بۆ زیادبوونی هەژموونی دەسەڵاتخوازی هیچ کام لە دەوڵەتانی دراوسێ درێغی ناکەن لە داگیرکاری بەرامبەر میللەتی کورد، مخابن هەرێمی کوردستانیش بە دۆخێکی ناهەمواردا گوزەر دەکات و چەندین ساڵە هەڵەبجەش لەو ناوەندەدا بەگرنگییەوە لەم دۆخە دەڕوانێت.
هەر لە بەیاننامەکەدا داوایان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی ڕێکخراوەکان کرد کە کار لەپێناو بەدەستهێنانی مافی مرۆڤ بکەن، لە نزیکەوە چاودێری بکەن و نەهێڵن سیناریۆی پێنج ڕۆژنامەنووس زیندانییەکەی بادینان دووبارە ببێتەوە.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا داوادەکەن هەرچی زووترە پارێزەران و دادوەران بێنە سەر خەت بۆ پشتیوانی کردنی ئەم چین و توێژانە بەبێ جیاوازی، بۆئەوەی ئازادی بۆ گیراوانی بادینان و گەلە ستەم دیدەکەمان بێتە دی.
بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگاییکردنی پێنج دەستگیرکراوی دیکەی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگاییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ت.پ