مەکەگە ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مانگی ئەیلولی ئاشکرا کرد
مەکەگە لە ڕاپۆرتی مانگی ئەیلوولی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی ڕۆژنامەنووسان بە فشار و چەوساندنەوە بەردەوامە و لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەش بەوە کراوە پێنج ڕۆژنامەنووسی ژن زیندانی کراون.

ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا "مەکەگە" ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکان لە بەرانبەر مافەکانی ژنانی ڕۆژنامەنووسی لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ ئاشکرا کرد. بەپێی ڕاپۆرتەکەی مەکەگە لە مانگی ئەیلولدا ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی فشار و چەوساندنەوە بوونەتەوە و پێنج ڕۆژنامەنووسی ژنیش زیندانیکراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لە مانگی ئەیلولدا فشارەکان لەسەر ژنانی ڕۆژنامەنووس بەردەوامبووە و گوتی: "ڕۆژنامەنووسان کاتێک لە شەقامەکان، لە دادگا، یان لە کاتی دەستبەسەرکردندا ڕووماڵ دەکەن، فشار و ڕێگرییان لێدەکرێت. سەرەڕای ئەمەش پێداگرن لە لێگەڕین بە دوای ڕاستییەکاندا.
لە بەردەوامی ڕاپۆرتەکەی مەکەگەدا هاتووە: ڕۆژنامەنووس هەڤاڵ ئارسلان لە مانگی ئەیلولدا لە بەلجیکا دەستبەسەرکرا، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە فشارەکان لەسەر ژنانی ڕۆژنامەنووس تەنها تورکیا ناگرێتەوە. بە ئامانجگرتنی ژنانی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە ئەورووپا نیشانەیەکی ڕوونی بێزارییە لە بەرانبەر هێزی تێکۆشانی ژنان بۆ ڕاگەیاندنی ئازاد.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە لەم دواییانەدا داخستنی پەڕەی میدیای دیجیتاڵی، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن و سانسۆری دیجیتاڵی وەک ڕێگەیەکی نوێ بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ڕۆژنامەنووسان سەریان هەڵداوە و گوترا: "بەڵام ژنان لە ڕێگەی یەکگرتنەوە، لە شەقامەکاندا دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە. سەرەڕای هەموو فشارەکان، ڕۆژنامەنووسان بەرگری لە مافی ڕای گشتی دەکەن و ڕاستییەکان ڕادەگەیەنن. چونکە ڕاگەیاندنی ئازاد بە بوێری و ویژدانەوە کە بە پێنووسی ژنان ئافرێنراوە لەسەر پێ وەستاوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە چوار ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، هەڵکوتراوەتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێک، هەروەها بۆ وەرگرتنی ئیفادە بانگی ڕۆژنامەنووسێک کراوە و وتی: دوو ڕۆژنامەنووس هەڕەشەیان لێکراوە و سێ ڕۆژنامەنووسی دیکەش لە کاتی ڕووماڵکردندا ڕێگرییان لێکراوە. سەرەڕای ئەوانەش پێنج ڕۆژنامەنووسی دیکە لێکۆڵێنەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دۆسیەش بۆ سێ ڕۆژنامەنووسی دیکە کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە چوار ڕۆژنامەنووس دۆسیەکانیان بە کراوەی ماوەتەوە و لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە پێنج ڕۆژنامەنووس زیندانیکراون.