لە نۆ مانگدا ٣٨ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون

لە نۆ مانگی ڕابردوودا هەزار و ١٧٥ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدراون، کە لەو ژمارەیە ٣٨ کەسیان ژن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

سزای لەسێدارەدانی ژنان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە و کۆمیسیۆنی ژنانی ئەنجومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران لە ڕاپۆرتیکدا ئاماری لەسێدارەدانی ژنانی لە نۆ مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە نۆ مانگی ڕابردوودا هەزار و ١٧٥ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدراون، کە لەو ژمارەیە ٣٨ کەسیان ژن بوون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تەنها لە ٣٠ـی تەمووزی ئەمساڵ تا ٣٠ ئەیلوولی ئەمساڵ ١٤ ژن لەسێدارە دراون واتە لە هەر چوار ڕۆژ جارێکدا ژنێک لەسێدارە دراوە.

 

باس لەوەشکراوە، زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی ژنانە بە مەبەستی چاندنی ترس لە کۆمەڵگەدا، کە ژنان هەمیشە لە سەرکردایەتیکردنی ڕاپەڕینەکان پێشەنگ بوون.

 

جێگای ئاماژەیە، ژمارەی لەسێدارەدانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ساڵەکانی ڕابردوودا بەمشێوەیەیە بووە، لە ساڵی ٢٠٢٤ دا ٣٤ ژن، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٦ ژن، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٥ ژن، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ ژن لەسێدارە دراون.