مامۆستایانی کۆلێژو پەیمانگا تەکنیکییەکانی هەڵەبجە بایکۆتی وانەکانیان کردووە

مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان هەڵەبجە بەهۆی نەدرانی دەرەماڵەی هاندان و دواکەوتنی مافە داراییەکانیان، دەستیان بە بایکۆتکردنی وانەکان کردووە.

میهرەان سەلام 

 

هەڵەبجە-بەهۆی نەدرانی دەرماڵەی هاندان بۆ ماوەی دوو ساڵ، ژمارەیەک لە مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکانی هەڵەبجە ناڕەزایەتییان دەربڕی و بە شێوەی مەدەنیانە دەستیان بە بایکۆتکردنی وانەکان کردووە، ئاماژەیان بەوەکرد، کێشەیەکە کە کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانی مامۆستایان و پرۆسەی خوێندن لەو دامەزراوانەدا دروست کردووە.

دەرەماڵەی هاندان وەک مافێکی دارایی
سەحەر حسین حەمەڕەشید، مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی هەڵەبجە، لەبارەی هۆکاری ئەم بایکۆتەوە وتی: مامۆستایان لەگەڵ هاوکارانیان لەبەردەم کۆلێژ کۆدەبنەوە و بە شێوەیەکی مەدەنیانە داوای مافە داراییەکانی خۆیان دەکەن، دەرماڵەی هاندان بۆ مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان دیاریکراوە، بە مەبەستی هاندانی مامۆستایان بۆ چوونە شارە بچووکەکان و وانەوتنەوە لە دەرەوەی شارە سەرەکییەکان، بەڵام بۆ ماوەی دوو ساڵە ئەم دەرەماڵەیە لە کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان نەدراوە.

داوای مامۆستایان لە سەرۆکایەتی زانکۆ
سەحەر حسین حەمەڕەشید ئاماژەی بەوەشکرد کە لە هەندێک دامەزراوەی ئەکادیمی، وەک زانکۆی هەڵەبجە، مامۆستایان هێشتا ئەم دەرەماڵەیە وەردەگرن، لە کاتێکدا مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵە بێبەشن لێی، چەندین جار بە شێوەی مەدەنیانە داوایان لە سەرۆکایەتی زانکۆ کردووە بە دەم داواکارییەکانیانەوە بچێت، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە، بۆیە مامۆستایان بڕیاریان داوە بایکۆتی وانەکان بەردەوام بکەن تا مافە داراییەکانیان وەردەگرنەوە.

مامۆستایان داوا دەکەن:
• دەرەماڵەی هاندان و مافە داراییە دواکەوتووەکانیان بەبێ دواکەوتن بدرێت.
• هۆکاری نەدرانی ئەم دەرەماڵەیە بە ڕوونی بۆیان ڕوون بکرێتەوە.
• چارەسەرێکی جدی و یەکلایی بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە.
• مافی مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان بە یەکسانی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکانی تر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

لە کۆتاییدا مامۆستایان جەختیان لەوەکردەوە کە بایکۆتەکەیان تا بەدەستهێنانی مافە داراییەکانیان بەردەوام دەبێت، لە بەرامبەردا، چاوەڕوانی دەکرێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بدەن و هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بنێن، بۆ ئەوەی مامۆستایان بتوانن بگەڕێنەوە سەر وانەوتنەوەو ئەرکە ئەکادیمییەکانیان.