لەماوەی سێ ڕۆژدا دوو ژن، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا
خۆکوشتنی ژنان و بەتایبەت ژنانی گەنج زیادی کردووە، بە جۆرێک لەماوەی تەنها ٣ رۆژدا دوو ژنی تەمەن ١٨ ساڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ ٢٦ی تەمموز ژنێکی تەمەن ١٨ساڵ بە ناوی "نەدا شەعبان"، لە قەزای زاخۆ بەهۆی هەوڵی خۆکوشتن و برینە سەختەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
رائید نەهشەت سەلمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزای زاخۆ، بە میدیاکانی ڕایگەیاند، "ڕۆژی شەممە، ٢٤ی تەمموز، کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ، نەدا شەعبان گولـلەیەکی بە خۆیەوە ناوەو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی زاخۆ کراوە".
لەدوای ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە نەدا دان بەوەدا دەنێت کە هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکی ناڕاست بڵاوبووەتەوە گوایە نەدا لە ڤیدیۆیەکی سناپچاتدا بە چەکەوە، گولـلەی لەدەست دەرچووە و بریندار بووە، بەڵام دەنگۆکان دوورن لە ڕاستییەوە و تا ئێستا هۆکاری خۆکوشتنەکەی نەزانراوە.
لە هەمان ڕۆژدا ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ کە دانیشتوو گەڕەكی گۆڕقەرەجی شارەدێی تەقتەقە، بە ناوی ی. ع.، تەرمەکەی گەیەیەنراوەتە پزیشکی دادوەری کۆیە.
پزیشکی دادوەری کۆیە ڕایگەیاند "ژنەکە خۆی خنکاندووە و کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە".
ت.پ