کژار: تەنها لە وەرزێکدا ٧٠٠٠ کچی خوار ١٨ ساڵ بەشوو دراون
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی هاوسەرگیری پێشوەختە کەمپەینێکی دەستپێکرد و ڕایگەیاند دەسەڵاتی پیرسالاری ئیسلامی، هێزی ژنان و گەنجان لە کۆمەڵگە دەسەنێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لە ڕاگەیەندراوێکدا کەمپەینێکی دژی هاوسەرگیری پێکردنی منداڵان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا زیهنیەت ژن و گەنج بەشێوەی خۆی پەروەردە دەکات تا ئەو ئاستەی ژنان تەنها بۆ پێکهێنانی خانەوادە و دروستکردنی منداڵ ئامادە دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
بە ئامرازکردنی ژنان لە ڕوانگەی ئەم دەسەڵاتەوە لە ئاستێکدایە کە بۆ بەهێزکردنی سوپا و وزەی کاری خۆی لە سووڕێکی مەرگهێنەردا، کە واتایەکی بێبنەمای بە ژیان بەخشیوە و بۆ ژن و خانەوادەکان، شێوەی ژیان دەستنیشان دەکات، تەمەنی هاوسەرگیریی کچانی بە پشتیوانیی شەریعەت گەیاندووەتە تەمەنی منداڵیی و بانگەشە بۆ کەمکردنەوەی ئەو تەمەنە دەکات، بەپێی ئامارە ڕاگەیەندراوەکان، تەنیا لە پایزی ساڵی پاردا، حەوت هەزار کچی تەمەن ١٠ بۆ ١٤ ساڵ لە ئێران ناچاری هاوسەرگیریی کراون.
بزوتنەوەمان بۆ تێکۆشان دژی ئەم دەسەڵاتە، کە ڕۆژانە یاریی بە هەبوونی کۆمەڵگا دەکات، تا ئێستا هەڵمەتێکی لەژێر ناوی “دژی قڕکردن و لەسێدارەدانی ژنان، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە”، ڕاگەیاندووە و لە پێناویدا چالاکییەکی فراوانی ئەنجامداوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، یاسایی و ژنانی لەژێر یەک چەتردا کۆکردووەتەوە.
بزوتنەوەکەمان ئەمجارەش بە دروشمی “هاوسەرگیریی منداڵان، کۆمەڵکوژکردنی ژنانە” لە بەرواری ٢٦ی ٧ی ٢٠٢١ـدا، هەڵمەتێکی دەستپێکردووە، کە دژی سیستمی پیاوسالار و ڕەگەزپەرستی دەسەڵاتی ئێران و زەمینەسازیی یاسایی- شەرعی- پڕوپاگەندە و پەروەردەیی، کە دەستی بکەرانی هەڵسوکەوتە نامرۆڤانە و تاوانکارەکانی دژی ژنان و منداڵان دەکاتەوە، دەوەستێتەوە و کۆمەڵگا لە بەرامبەریدا هۆشیار دەکاتەوە، هەروەها تێکۆشانێکی ڕاشکاو و بە کردەوە دژی ئەم زیهنییەتە کردووەتە ئامانجی خۆی.
کژار داوای کردووە بە دروشمی "بە یەکگرتن بۆ تێکۆشان دژی ڕەگەزپەرستیی، کۆتایی بە هاوسەرگیریی منداڵان دێنین" هەمووان بەشداری کەمپەینەکە بکەن بۆ ڕێگری کردن لە بەشودانی کچانی خوار ١٨ ساڵ و منداڵان.
ت.پ