لە ڕۆژی جیهانی ژنان مەغریب داوای بەهێزکردنی یەکسانی و پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان دەکات

کۆمەڵەی "أيادي حرة" "دەستی ئازاد"ی مەغریبی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، داوای پاراستنی دەستکەوتەکانی مافەکانی ژنان و خێراکردنی چاکسازییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان کە پشتیوانی یەکسانی و دادپەروەری دەکەن.

مەغریب

 

لە نێوان پەرەسەندنی قەیرانە مرۆییەکان و ململانێ چەکدارییەکان لە چەند ناوچەیەکی جیهان، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای دەکەن، کە ژنان و منداڵانی کچ قورسایی ئەو هەڵچوونانە لە ئەستۆ دەگرن، جا چ لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ یان لەدەستدانی پێداویستییە سەرەتاییەکان، ئەمەش وایکردووە دۆخەکەیان لە چاو گروپە زیانلێکەوتووەکانی دیکە سستتر بێت.

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان کە دەکەوێتە ٨ی ئادارەوە، کۆمەڵەی "أيادي حرة" "دەستی ئازاد"ی مەغریبی، ٦ی ئادار، داوای پاراستنی دەستکەوتەکانی مافی ژنان و خێراترکردنی چاکسازییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان کرد، کە پشتیوانی لە ڕێگای یەکسانی و دادپەروەری دەکەن.

 

کۆمەڵەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە لە دروشمی "بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و بەرەوپێشبردنی یەکسانی و دادپەروەری" بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە ئاهەنگەکەی ئەمساڵ لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی گرژدا دێت کە بە پەرەسەندنی ململانێکان و خراپتربوونی قەیرانە مرۆیی و ژینگەییەکان دیاریکراوە، هەلومەرجێک کە لێکەوتەکانی زۆرترین قورسایی لە ئەستۆی ژنان و منداڵانی کچی ناوچە جیاوازەکانی جیهاندایە.

 

کۆمەڵەکە ڕایگەیاندووە، کە ئەو مافانەی ژنان لە ڕێگەی خەباتی دەیان ساڵەوە بەدەستیان هێناوە، ئێستا بەهۆی تێکچوونی سیستەمی نێودەوڵەتی و پەرەسەندنی شەڕ و کارەساتە سروشتییەکان و پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤ، مەترسی پاشەکشەیان لەسەرە، هەروەها ژنان و منداڵان زۆرترین ڕێژەی زیانبەرکەوتووانی مەدەنی لە چەندین ناوچەی شەڕدا پێکدەهێنن، بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پشتڕاستی دەکەنەوە ژنان بارگرانییەکی ناڕێژەیی لە شەڕە چەکدارییەکاندا هەڵدەگرن.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەو دۆخە کارەساتبارانەی مرۆیی ڕووبەڕووی گەلی فەڵەستین بەتایبەتی لە کەرتی غەززە، بە کوشتن و ئاوارەبوونی بەربڵاو و تێکچوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەرکەوت، جگە لەو بارودۆخە دڵتەزێنەی کە ژنان لە سودان لە نێوان شەڕی بەردەوامدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لەوانەش توندوتیژی سێکسی، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و داڕمانی تەندروستی خزمەتگوزارییەکان، توانای سنوورداری سیستەمی نێودەوڵەتی نیشان دەدات بۆ دابینکردنی پاراستنی گونجاو بۆ ژنان لە کاتی ململانێدا.

 

”ئاڵەنگاریەکانی ناو مەغریب”

لەسەر ئاستی نیشتمانی، جەختی لەوە کردەوە، کە ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان پێویستە لە سروشتی ئاهەنگگێڕانی خۆی تێپەڕێت و ببێتە بۆنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ژنان لە مەغریب، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بۆشایی بەردەوامی نێوان دەقە یاساییەکان و ئەزموونی ژیان، سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا لەسەر ئاستی یاسادانان و دامەزراوەیی بەدەست هاتوون، کۆمەڵەکە پێی وایە، کە ژمارەیەک چاکسازی بنەڕەتی هێشتا دواکەوتوون، لەوانەش چاکسازی پێشبینیکراو لە یاسای خێزانی مەغریبدا، یاسای ١٠٣.١٣ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هێشتا بەس نییە بۆ دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ ژنان لە ڕۆشنایی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە شێوازەکانی جیاوازدا، لەوانەش توندوتیژی دیجیتاڵی و سیاسی.

 

”ئاڵەنگاری ئابووری و کۆمەڵایەتی”

هەروەها لە ڕاگەیاندراوی کۆمەڵەکەدا، تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگە ئابووری و کۆمەڵایەتییە بەردەوامانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، بەتایبەتی بەشداریکردنی سنوورداریان لە بازاڕی کاردا، کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەرەوەی کایەی ئابووریدا ماونەتەوە، ئاماژەی بە بارگرانی قورسی کاری بێ موچەی ناوماڵ کرد، تیشکی خستە سەر دۆخی ناجێگیری زۆرێک لە ژنان، بەتایبەتی جیابووەوە و بێ هاوژین و دایکان کە بەرپرسیارێتی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان لە ئەستۆ دەگرن، ئەم سستییە لە یەکخستنی سنوورداری دیدگای ڕەگەزی لە سیاسەتە گشتییەکاندا سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانە ئابوورییەکان و کارەساتی سروشتیدا.

 

”داوای چاکسازی دەکات”

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوای خێراکردنی چاکسازییە یاساییەکان کراوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە یاسا نیشتمانییەکان لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا هاوتەریبن، لە پێشەنگی ئەمانەدا ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان، جگە لە خێراکردنی دەرکردنی چاکسازیی یاسای خێزان بە شێوەیەک کە دادپەروەری و یەکسانی لەناو خێزاندا بچەسپێنێت، پێداچوونەوە بە سیستەمی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چالاککردنی دەسەڵاتی یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە جیاکارییەک، هەروەها پەسەندکردنی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانەتر کە کاریگەرەکانی مسۆگەر بکات بە تێکەڵکردنی ژنان لە سووڕی ئابووریدا.

 

لە کۆتای ڕاگەیاندراوەکەدا، کۆمەڵەکە هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنانی زیانبەرکەوتووی شەڕ و ململانێکان و کارەساتە مرۆییەکان دەربڕی و لەگەڵ خۆڕاگری ژنان لە فەڵەستین و سودان و ناوچە قەیراناوییەکانی دیکەدا دووپاتیکردەوە، کە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی جیهانی بۆ کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەری.