خێزانی بێسەروشوێنەکانی کۆبانێ داوای چارەنووسی کەسوکاریان دەکەن

خێزانی شەهیدان و زیندانیان و بێسەروشوێنەکانی شاری کۆبانێ ڕۆژئاوا، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی کاتی سووریا کرد، چارەنووسی کوڕە ونبووەکانیان ئاشکرا بکەن و زیندانییەکان ئازاد بکەن و تەرمی شەهیدەکان ڕادەست بکەنەوە.

کۆبانێ

 

سەرەڕای ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات ”هەسەدە” و حکومەتی کاتی سووریا واژۆکراون، هەتەشە بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنانە، ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سووریای دیموکرات ”هەسەدە”  و یەکینەکانی پاراستنی ژنان ’’یەپەژە”، کە هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەبارەی چارەنووسیانەوە نییە، جا ئەوان دیل بن، بێسەروشوێن بن یان شەهید بن.

 

لەم دواییانەدا ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان شایەتی زیادبوونی بەرچاوی کاردانەوەی گشتیی سەبارەت بە پرسی بێسەروشوێن و دەستگیرکراوەکانی بەخۆیەوە بینیوە، دانیشتووانی چەند شارێک داواکارییەکانیان بۆ زانینی چارەنووسی ئازیزانیان دەربڕی، لە کۆبانێ ٧ی ئادار، خێزانی شەهیدان و بێسەروشوێنەکان و زیندانییەکان ڕاگەیەیامدراوێکیان بڵاوکردەوە و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕ و کچەکانیان کرد، کە تا ئێستا شوێنیان نادیارە، هەروەها نەبوونی زانیاری فەرمی ئازاری خێزانەکان زیاتر دەکات و دڵەڕاوکێ و نادڵنیاییەکانیان قووڵتر دەکاتەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: حکومەتی کاتی هاوشانی کوتلە چەکدارەکانی، هێرشیان بۆ سەر ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد، کە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەستیپێکرد و گەیشتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی سەربازی و ئەمنی لەلایەن هەندێک لە زلهێزەکانی ناوچەکە، لە بەرامبەر بێدەنگی و هاوسۆزی هەندێک لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکانی چالاک لە دۆسیەی سووریا.