ڕێکخراوەکانی ژنان: تاڵیبان لەژێر پەردەی شەریعەتدا ڕێگا بۆ هاوسەرگیری منداڵان خۆش دەکات

ڕێکخراوەکانی ژنانی ئەفغانستان بڕیاری نوێی "جیاکردنەوەی هاوژینەکان"ی تاڵیبانیان شەرمەزار کردو وتیان: ئەو یاسایە شەرعیەت بە هاوسەرگیری منداڵان دەدات و سنووردارکردنی ژنان قووڵتر دەکاتەوە، داوایان کرد بزووتنەوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دادگایی بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

توڕەیی لە ئەفغانستان بەردەوام لە زیادبوون لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری نوێی تاڵیبان کە بە "جیاکردنەوەی هاوژینەکان" ناسراوە، ئەمەش ڕەخنەی بەرفراوانی ڕێکخراوەکانی مافی ژنانی لێکەوتەوە.

 

تۆڕی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی یەکگرتووی ژنان بۆ ئازادیی ئەفغانستان لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا، کە ٢٥ی ئایار بڵاوکرایەوە، شەرمەزارکردنی پێوەری نوێی"جیابوونەوەی هاوژینەکان"ی تاڵیبانیان کرد و بە هەوڵێکی مەترسیدار بۆ "شەرعیەتدان بە هاوسەرگیری منداڵان" و سەپاندنی سنووردارکردنی زیاتر بەسەر ژنان لە ژێر پەردەی یاسای شەریعەتدا ناوبرد.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەو پێوەرەی کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان بە ڕێککەوتنەکانی هاوسەرگیری منداڵاندا دەنێت کە لەلایەن دایک و باوکانەوە ڕێکدەخرێن و پشت بە بێدەنگی کچەکە دەبەستێت لەگەڵ گەیشتن بە تەمەنی سەرو ١٨ساڵی وەک ڕەزامەندی، هەروەها ڕێگە بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە دەدات لە ڕێگەی دادگاکانەوە لەگەڵ گەیشتن بە تەمەنی سەرو ١٨ ساڵی، بە "بەڵگەنامەیەکی شەرمەزارکەر" بە ئامانجی گۆڕینی منداڵانی کچی ئەفغانی بۆ "زیانبەرکەوتووی کۆیلایەتی سەردەمی و دەستدرێژی یاسایی"، کە دوای زنجیرەیەکی درێژخایەن لە سنووردارکردنی خوێندن و دامەزراندن و بەشداری کۆمەڵایەتی ژنانە، ئێستا تاڵیبان هەوڵدەدات "هاوسەرگیری زۆرەملێ و پێشوەختە بە یاسایی بکات" لە ڕێگەی دامەزراوە حکومی و ئایینییەکانەوە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم سیاسەتانە ڕێوشوێنی گۆشەگیر نین، بەڵکو بەشێکن لە "بەرنامەیەکی سیستماتیک بۆ دوورخستنەوەی ژنان" لە ژیانی گشتی و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بەسەر داهاتووی منداڵان کچ و گۆڕینی سنووردارکردنی سەپێنراو بۆ یاسای هەمیشەیی کە گۆڕینی قورسە.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هاوسەرگیری منداڵان "تاوانێکە دژی منداڵی و مرۆڤایەتی"، هۆشداری دەدات لە کاردانەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری جددی بۆ نەوەی داهاتوو، هەروەها منداڵانی کچ مافێکی سروشتی خۆیان هەیە بۆ خوێندن و هەڵبژاردن و سەربەخۆیی، دوور لەو فشارانەی کە ناچاریان دەکەن زوو هاوسەرگیری بکەن.

 

دووپاتکراوەتەوە، کە بە یاساییکردنی هاوسەرگیری زۆرەملێ نوێنەرایەتی یەکێک لە ئاشکراترین جۆرەکانی توندوتیژی ڕەگەزی دەکات و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی ژنان و منداڵان پێکدەهێنێت.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان کردووە کە سیاسەتەکانی تاڵیبان شەرمەزار بکەن و بە "تاوان دژی منداڵان" و "هەڵاواردنی سیستماتیکی دژ بە ژنان" بزانن، هەروەها ڕێگە خۆش بکەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان بە تۆمەتی "جیاکاریی ڕەگەزی" دادگایی بکرێن.

 

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پێویستە منداڵانی کچی ئەفغانستان لە قوتابخانەکان بن نەک لە زیندانی هاوسەرگیری منداڵان"، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە لە بەرامبەر ئەم ڕووداوانەدا بێدەنگ نەبن و پاڵپشتی پراکتیکی بۆ ژنان و منداڵانی کچی وڵات زیاد بکەن.

 

لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، کۆمەڵێک سنووردارکردنی بێ وێنەی بەسەر ژناندا سەپاندووە، لەوانە قەدەغەکردنی خوێندنی منداڵانی کچ لە دەرەوەی پۆلی شەشەم، داخستنی زانکۆکان بەڕووی ژناندا، سنووردارکردنی دامەزراندنیان لە دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندا، قەدەغەکردنی گەشتکردن بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو، کە بەرە بەرە ژنان لە ژیانی گشتی دوورخستنەوە.

 

جاڕنامە نوێیەکە کە لە ١٤ی ئایاردا ڕاگەیەندرا، چینێکی دیکەی سنووردارکردن زیاد دەکات، ئەمەش لەکاتێکدا، ترسی "بڵاوبوونەوەی فراوانتری هاوسەرگیری منداڵان" لە ئەفغانستان هەیە، کە ژنان بە یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی مێژووی سەردەمی وڵاتەکەدا دەژین، دوای دەیان ساڵ خەبات بۆ پەروەردە و کار و بەشداریی گشتی، ئێستا خۆیان دەبیننەوە گیریان خواردووە لەلایەن ئەو سیاسەتانەی کە بە زۆر دەیانگەڕێننەوە سەر ماڵ و حاڵیان و سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیان لێ داگیردەکەن.