لە سودان کاروانێکی هاوکارییەکان تاڵان کرا

کاروانێکی یارمەتییە مرۆییەکان کە بەرەو ناوەڕاستی دارفور لە سودان دەڕۆیشت، کەوتە بەر هێرشێکی چەکداری، لە بەرامبەردا کارمەندێکیش بەهۆی دەربڕینی بۆچوونی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە کارەکەی دورخرایەوە.

سودان

 

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان بەردەوامە و دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، بە سەدان کەسیش ئاوارەبوون، تادێت بارودۆخەکە خراپتر دەبێت.

 

کاروانێکی یارمەتییە مرۆییەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە لە ڕێگەدا بوو بۆ ناوەڕاستی دارفور لەلایەن باندە چەکدارەکانەوە هێرشی کرایە سەر، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بە تەواوی تاڵان بکرێت، ئەم کاروانە بە مەبەستی دابینکردنی خۆراکی هەزاران کەس نێردرابوو بۆ ناوچەکە.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی داوای لە دەسەڵاتە خۆجێییەکان کرد، ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەکان.

 

لە هەنگاوێکی کتوپڕدا بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی سودان، ئەرکی هەبە عوسمانی لە پۆستی بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان هەڵوەشاندەوە، ئەمەش دوای دەربڕینی بۆچوونی خۆی لە پێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە وەستانەوە لە تەنیشتی سوپای سودان.