"دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بووەتە ڕێبازی شەڕە هەژموونییەکان"

سەدیقە خلۆ، وتەبێژی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی کانتۆنی فورات سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە شەڕ و ململانێکاندا وتی: لە شەڕەکاندا ژنان لە هەموو بوارەکاندا زیانێکی زۆریان پێدەگات، بەتایبەتی دەستدرێژی زایەندی وەک چەکێک دژی ژنان بەکاردەهێندرێت.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە شەڕ و ململانێدا، لە هەموو بوارێکدا شێوازی بێ ڕەوشتی بەکاردەهێنرێت.، بەپێی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، پێویستە شەڕەکان ڕێسا و پێوەریان هەبێت، بەڵام ئەمە لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا ڕوونادات، چونکە دەبینین شێوازی قەدەغەکراو بەکاردەهێنرێت کە هیچ پێوەرێکی مرۆیی لەخۆناگرێت، یەکێک لەوانە توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان.

 

دەستدرێژی زایەندی چەکێکی نەبیندراوە کە سیستمی دەوڵەتی پیاو لە دژی ژنان بەکاری دەهێنێت، لەو ململانێیانەی کە لە هەموو جیهاندا ڕوودەدەن، دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان.

 

لەو چوارچێوەیەدا، سەدیقە خلۆ، وتەبێژی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی کانتۆنی فورات، هەڵسەنگاندنی کرد.

 

"گرژییەکانی ئێستا کێشەی گەورە دروست دەکەن"

سەدیقە خلۆسەرەتا باسی لە کاریگەریی شەڕەکان لەسەر ژنان و منداڵان کردو وتی: لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا ئەو شەڕانەی لە ئاستی یەکەمدا ڕوویانداوە، لەسەر بنەمای تاڵانکردن و لەناوبردنی کۆمەڵگە بووە، بەتایبەت لەم حاڵەتانەدا هەمیشە منداڵان وەک زیانبەرکەوتووی یەکەمی ئەو شەڕانە پێناسە کراون، له ململانێی سووریا و شه ڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست کە ناوی بەهاری عەرەبی لێندرا، ژنان زیاتر لە هەموو کەسێک ئازاریان چەشت، ژنان لە هەموو بوارەکاندا، لە ماڵەوە، داهاتوو و هتد، تووشی کێشەی گەورە دەبن، ئەم شەڕانەی نێوان هێزە هەژموونەکان گۆڕانکاریی نەرێنی گەورەی لە ژیانی ژناندا دروستکردووە کە تەنانەت دەتوانین بە قەیران ناوی ببەین.

 

"دەستدرێژی خراپترین تاوانە دژی مرۆڤایەتی"

سەدیقە خلۆ سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان وتی: توندوتیژی چەندین شێوازی هەیە، بەڵام بە تایبەتی دەستدرێژی و توندوتیژی زایەندی بۆ ژنان زۆر جیاوازن، دەستدرێژی شکاوی و بێمتمانەیی و نائومێدی لەگەڵ ژنان دروست دەکات، بەداخەوە یەکێک لەو شێوازانەی هێرش کە زۆرجار دژی ژنان بەکاردێت، دەستدرێژییە، لە شەڕەکاندا، واتە لە ژیاندا، ڕووداوی دەستدرێژیکردن بە بەردەوامی ڕوودەدات، هەر لەبەر ئەم هۆکارە با سەرنج بدەین، کاتێک هێرشێک بە ئامانجی داگیرکردن ڕوودەدات، دەستبەجێ ناوچەکە لە ژنان و منداڵان چۆڵ دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانە ڕوونەدەن.

 

"پێویستە حاڵەتی دەستدرێژی تۆمار بکرێت"

 سەدیقە خلۆ تایبەت بە هۆشیاری ژنان دەربارەی خۆپاراستن وتی: دەستدرێژی ڕووداوێکە کە مرۆڤ بەپێچەوانەی ویستی خۆی و بە زۆر دەچێتە ناو پەیوەندی زایەندی، کاتێک ژنان تووشی ئەم ڕووداوە دەبن، هەم لەلایەن دەستدرێژیکارەوە و هەم لەلایەن کۆمەڵگەوە تووشی هێرش و توندوتیژی دەبن، ئەم ڕووداوە تەنیا لە ناوچەیەک یان وڵاتێکدا سنووردار نییە، بە پێچەوانەوە ژنان لە هەر کوێیەکدا بژین ڕووبەڕووی هەمان بیرکردنەوە دەبنەوە، بە تایبەت لە هێرشی هێزە هەژمونیەکان بۆ سەر یەکتر، ئەم ڕووداوانە زیاتر ئەزموون دەکرێن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەبینین زۆربەی ئەو ژنانەی دەستدرێژییان دەکرێنە سەر، چونکە دەزانن هەڵوێست و بۆچوونی بنەماڵە و کۆمەڵگە چۆن دەبێت، بێدەنگ دەبن و ڕووداوەکە دەشارنەوە.

 

میکانیزمەکانی خۆپاراستن

 ئەو ژنانەی کە ئاگاداری فشارەکانی هۆشیاریی دەوڵەت- پیاون؛ دەبێت میکانیزمەکانی خۆپاراستن بزانن،  وەک ژنۆلۆژی بە شێوەیەکی جیاواز سەیری ئەم بابەتە دەکەین و هەڵیدەسەنگێنین، بۆ نەهێشتنی ئەم ڕووداوانە و گۆڕینی بۆچوونی کۆمەڵگە سەبارەت بە دەستدرێژی، پێویستە ئەم ڕووداوانە ئاشکرا بکرێن و دەستدرێژیکارەکان ئاشکرا بکرێن، لەبری ئەوەی بشاردرێنەوە، پێویستە ڕابگەیەندرێن، چونکە دەستدرێژیکردن ڕووداوێکی وەهایە کە هەموو پێوەرەکانی مرۆیی و ڕەوشتی و کولتووری پێشێل دەکات، بۆیە پێویستە ژنان بپارێزرێن و دەستدرێژیکاران ڕووبەڕووی سزاکانیان ببنەوە کە ئەمەش لەڕێگەی خەباتی ژنانەوە پێکدێت.