لە سلێمانی کۆنگرەی هاوپەیمانی نادا بەڕێوەدەچێت
بڕیار وایە سبەینێ، بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان، لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نادا بەڕێوەبچێت و ماوەی سێ ڕۆژ بخایەنێت.

ناوەندی هەواڵ
بڕیار وایە سبەینی ١٥ی ئایار، لە هۆتێل هایکرست لە شاری سلێمانی، بە درووشمی “لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان، بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نادا "هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی" دەستپێدەکات.
کۆنگرەکە بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان ئەنجام دەدرێت وتێیدا هەڵسەنگاندن لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی سیستەمی سەردەستی پیاوسالاری، ئازادی ژنان، داگیرکاری، ئاشتی، ژیانی هاوبەش دەکرێت.
هاوپەیمانێتی نادا "هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی"، تۆڕێکی هەرێمی ژنانە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، زیاتر لە ٢٠٠ ڕێکخراو و تۆڕ و کەسایەتی ژنان لە ١٨ وڵاتی جیاواز لەخۆ دەگرێت.