کۆنگرەی ستار هەوڵدەدات دۆخی ئابووری ژنان بەرەوپێش ببات
لیژنەی ئابوری کۆنگرەی ستار هەوڵدەدات پرۆژە و هاوکاری لەگەڵ ژنانی چیای قەزوان دابمەزرێنێت، بە ئامانجی بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی ئابووری و بونیادنانی کەسایەتی سەربەخۆ و چارەنووسساز.

سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر-چیای قەزوان ناوچەیەکی فراوانە و دەیان گوندی لەخۆگرتووە. بەڵام ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت دەبێتەوە. ژنان زۆرترین زیانیان پێدەگات بەهۆی ئەو دۆسیە ئابوورییانەی کە لە خێزان و کۆمەڵگەوە کاریگەرییان لەسەرە. هەر لەبەر ئەمەشە بەدوای چارەسەر و جێگرەوەدا دەگەڕێن.
کۆنگرەی ستار ڕێکخراوێکی کۆنفیدڕاڵی و دیموکراتی ژنانە کە گرنگی بە ڕێکخستن و پەروەردەکردن و بەهێزکردنی ژنان و خەباتکردن بۆ ئازادی ژنان و یەکسانی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەدات. بەم پێیە یەکێک لە ١١ ئامانجەکەی زیادکردنی بەشداری ژنانە لە ژیانی ئابووریدا، بەتایبەتی لە ڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆژەی ئابووری سەربەخۆ و بەکۆمەڵەوە.
لە ئێستادا لیژنەی ئابووری کۆنگرەی ستار لەگەڵ ژنانی چیای قەزوان کۆدەبێتەوە، باس لە گرنگی بەشداری ئابوری ژنان و خۆڕاگرییان لە بەرامبەر ئاڵەنگاریەکانی ژیاندا، توانای دامەزراندنی خۆیان، دەستپێکردنی کاروبارەکان بەبێ ئەوەی پێویستیان بە کەسی تر بێت.
زەهرە محەمەد ڕوونیشیکردەوە، نەگەیشتن بە ئەنجامە خوازراوەکان لەو پرۆژانەی کە کۆنگرەی ستار دەستیپێکردووە، پاڵیان پێدەنێت بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بخەنەگەڕ و دووبارە گەڕان بەدوای پڕۆژەی جیاوازدا. دەڵێت: بەهۆی کەشوهەوا و بارودۆخی سەختەوە، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان تاجی سەرکەوتنیان لەسەر دانەنرا، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو سەرەتای هەوڵە نوێیەکانە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی جیاواز، بەپێی وزە و تواناکانی ژنان، ژنان بیر لە چۆنیەتی دامەزراندنی پڕۆژەکان دەکەنەوە، لەئێستادا هەوڵی جێبەجێکردنی دوو پڕۆژە دەدەین، لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ ژنان کۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان تەنها پاڵپشتی دارایی نییە، بەڵکو شکاندنی بەربەستی ترس و ئەو سنوورانەیە کە پیاوان لەنێوان ژناندا کێشاویانە، هەروەها بتوانن کەسایەتی خۆیان بنیات بنێن. وتیشی: لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ ژنان، ئەوە ڕوون بووەوە کە تا ئێستاش ناتوانن بەسەر شەرمنییەکانیاندا زاڵ بن، هەستەکانیان دەرببڕن، ترسێکی ناسروشتی لە ژناندا چێنراوە کە ڕێگری لە دەربڕینی خۆیان دەکات، بۆیە هەوڵماندا ئەو سنوورانە بشکێنین کە هۆشیاری پیاوان لای ژنان دروستی کردووە، بە تێوەگلانیان لە کارەکەدا لەکاتی سەردانەکانماندا، ئەوەش ڕوون بووەوە کە ژنان بەدوای قەدرزانی و ڕێزگرتن لە ناو ژناندا دەگەڕێن لەنێو خێزان و کۆمەڵگەکان”.
"چاوەڕێی پیاوان مەکەن، چونکە بازرگانی کاری ژنانیە”
زەهرە محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە بازرگانی شوێنی تایبەتی پیاوان نییە. "ئەوان بازرگانی بە تاکە کاری خۆیان دەزانن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، ژنانیش دەتوانن کاری تێدا بکەن، چونکە پیاوان بازرگانی سنووردار دەکەن بە خۆیانەوە، ڕێگە نادەن ژنان سەربەخۆ بن و ڕۆڵیان لەم بوارەدا هەبێت، بۆیە پیاوان یارمەتی ژن و خوشک و دایکەکانیان نادەن بۆ دامەزراندنی کارەکانیان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر کەیسێک بێت ئێمەی ژنان دەتوانین لە بەرامبەر بارودۆخی سەختی ژیاندا خۆڕاگرتر بین، بە ئاگادارییەوە لەگەڵ نەریتە کۆنەپەرستەکان بشکێنین، ئەگەر چاوەڕێی ئەوە بین پیاوان بەزەییمان پێدا بێتەوە و هاوکاری ئابووریمان پێشکەش بکەن، ئەوە هەڵەیەک دەبێت، ئێمەش لەو شوێنەین کە لێی دەمێنینەوە، بۆیە ئەگەر هەنگاو نەنێین، پیاوان هیچمان بۆ ناکەن".
دانانی بناغە و ئامادەکردنی زەمینە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەکان و پێویستییەکانیان
شاهە مەحموود، هاوڵاتی گوندی خیرا لە چیای قەزوان، کە خاوەنی دوکانێکە، کە وەک شوێنی پڕۆژەکە خزمەت دەکات، باسی لەو سەختی و ئاڵەنگاریانە کرد کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، وتی: دەبێت مەودای دوور ببڕین بۆ ئەوەی بگەینە سەر کارەکانمان، هەروەها لە ماڵەکانمانەوە دوورین، بەڵام کاتێک پڕۆژەکان دروستکران، باشترە بۆ ئێمە کاریان تێدا بکەین، چونکە چارەسەرێک دەبن بۆ زۆربەی دۆسیەکانمان".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک داعش چیای قەزوانی کۆنترۆڵکرد، نەیاندەهێشت بچین پەل و لق کۆبکەینەوە بۆ دروستکردنی نان، ناچاربووین عەبای ڕەش لەبەر بکەین، لە هەمان کاتدا دۆسیەکە لە دابینکردنی ئاودا هەبوو، هەر بۆیە زۆر گرنگە ژنان پڕۆژەیەکیان هەبێت و یارمەتی خێزانەکانیان و خۆیان بدەن. لە هەمان کاتدا پێویستە قسەمان هەبێت و بڕیار بدەین، زیاتر بیر لە چارەسەرەکان بکەین و هەلەکان ڕەخسێنین.