لە شیلادزێ ژنێک تووشی تای خوێنبەربوون بوو
بەرپرسی بەشی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەرێوەبەرایەتی تەندرووستیی گشتیی دهۆك ڕایگەیاند، حاڵەتێكی نوێی تووشبوونی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شیلادزێ تۆماركرا، توشبووەكە ژنە و تەمەنی ٤٥ ساڵە.

ناوەندی هەواڵ
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ٤٠٪ ئەو كەسانەی تووشی دەبن گیان لەدەست دەدەن، نەخۆشییەكە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
د. سەگڤان حەسەن، بەرپرسی بەشی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی دهۆك سەبارەت بە تۆماركردنی حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ حاڵەتێكی نوێی تای خوێنبەربوون لە سنووری پاریزگای دهۆك تۆمار كرا، نەخۆشەكە ژنێكی تەمەن ٤٥ ساڵە و خەڵكی دەڤەری شێلادزێیە لە شارۆچكەی ئامێدی.
ڕوونیشیكردەوە، لە ئێستادا نەخۆشەكە لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆك لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە و باری تەندرووستی جێگیرە.
وتیشی: تووشبووەكە خوشكی ئەو ژنەیە، كە لە ١٠ـی ئەم مانگەدا، بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە سنووری شارۆچكەی ئامێدی گیانی لەدەستدا.
جێگای ئاماژەیە، بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتەی ئەمڕۆ، ئەمە سێیەم تووشبووی تای خوێنبەربوونە لە مساڵدا لە هەرێم تۆماركراوە.