غەززە لە ناو ئاگر دایە؛ لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

لە ئەنجامی بۆردومانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٩٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

 ئەمڕۆ هەینی ٢ی حوزەیران، وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٩٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ڕووخاندنی خانووی نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە، بەتایبەتی لە بەیت لاحیا و گەڕەکی سوڵتان و ناوچەی سودانییە.

 

هەروەها بەرگری شارستانی ڕایگەیاندووە کە توانیویەتی تەرمی چوار کەس لە ژێر داروپەردووی خانوویەکی نیشتەجێبوون لە باکووری جەبەلیە دەربهێنێت کە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج. هەروەها لە خان یونس دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکەیان تەرمی دوو منداڵ دۆزرایەوە. ئەو دەستەیە داوای دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی ئەم پێشێلکارییانە کرد.

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلعەودە بە ئاماژە بەوەی کە ئەوان بوونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و هێرشی تانکەکانی ئیسرائیل کە نەخۆشخانەکەیان گەمارۆ داوە، داوای لە هێزەکانی ئیسرائیل کرد خۆیان لە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان بەدوور بگرن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزاری پزیشکی پێویست بۆ ئەو بریندارانە پێشکەش بکەن کە گەمارۆدراون.

 

هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە لەگەڵ زیادبوونی بەرچاوی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵک و کەمبوونەوەی توندی پێداویستییە سەرەتاییەکان، سیستەمی تەندروستی لەم ناوچە وێرانبووەدا لە لێواری داڕمانی تەواودایە لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی گشتیی 36 نەخۆشخانەی کەرتی غەززە، تەنیا 19 نەخۆشخانەیان تا ئێستا کاردەکەن و لانیکەم 94%ی سەرجەم نەخۆشخانەکان زیانیان بەرکەوتووە یان بە تەواوی لەناوچوون. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تەنها ١٢ نەخۆشخانە توانای پێشکەشکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پزیشکییان هەیە.