لە قامیشلۆ پیاوان توندوتیژیی دژ بە ژنانیان شەرمەزارکرد
لە قامیشلۆ پیاوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە، بەشداربووانی ڕێپێوانەکە بەم ڕاگەیاندراوەیە سەرنجیان خستە سەر گرنگیی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی پیاو لە تێکۆشانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژناندا.
قایشلۆ
بەردەوامبوون لە بێدەنگی لە بەرامبەر توندوتیژیدا، ڕێگەی زیاتر بۆ خۆش دەکات، هەروەها بەرپرسیارێتیی بەرامبەری تەنها لەسەر شانی ژنان نییە، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە گۆڕینی ئەو شێوازە بیرکردنەوە، ڕەتکردنەوەی ئەو نۆرمانەی کە توندوتیژی بە ڕەوا دەزانن و هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتی هەیە کە ماف و ئازادیی ژنان دەپارێزێت، لەم تێکۆشانەدا، بەشداریی پیاوان تەنها پاڵپشتییەک نییە، بەڵکو هەڵوێستێکە لە بەرامبەر ئەو بیرکردنەوەیە کە توندوتیژی دەکاتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە.
بە مەبەستی نیشاندانی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتیی تێکۆشانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە قامیشلۆ ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن محەمەد عەباس و بە زمانی عەرەبی لەلایەن محەمەد کۆزییەوە خوێندرایەوە.
بە باوەڕبوونمان بە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی ژنان، ئێمە دژی هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان دەوەستینەوە، ڕەتی دەکەینەوە و شەرمەزاریدەکەین، چ توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی، زارەکی، کۆمەڵایەتی یان ئابووری بێت.
توندوتیژیی دژ بە ژنان تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندی بە کەرامەت و داهاتووی کۆمەڵگەوە هەیە و پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە لە ژیان و ئاسایش وئازادی و یەکسانیدا.
جەخت لەوە دەکەینەوە کە ژنان هاوبەشی سەرەکین لە بونیادنان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا، ڕێزگرتن لە مافەکانیان و پاراستنیان لە توندوتیژی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە کە دەکەوێتە سەر شانی خێزان، دامەزراوەکانی پەروەردە، کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەم بانگەوازە ئاڕاستە دەکەین:
١- پێویستە هەموو شێوازەکانی توندوتیژی و جیاکاریی بەرامبەر بە ژنان ڕەت بکرێنەوە.
٢- پێویستە فەرهەنگی ڕێزگرتن و یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا بەهێز بکرێت.
٣- پێویستە ژنان و منداڵانی کچ بپارێزرێن و ماف و کەرامەتیان مسۆگەر بکرێت.
٤- پێویستە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەسەر گرنگیی تێکۆشانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بڵاو بکرێتەوە.
٥- پێویستە پاڵپشتی بۆ بەشداریی ژنان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و دادپەروەردا بدرێت.
بێدەنگیی ئێمە لە بەرامبەر توندوتیژیدا هێز دەداتە هێرشکاران، هەڵوێستی ئێمەش هیوا دەداتە ئەو کەسانەی دەبنە ئامانج.
پێکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژی کە تێیدا خۆشەویستی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی باڵادەست بێت.
نەخێر بۆ توندوتیژیی دژ بە ژنان...
کەرامەت، ئازادی و یەکسانی.