لە هندستان ١٠٠ کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە

وەزارەتی تەندروستی هیندستان بڵاویكردەوە، لە ماوەی ١٠٥ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ هەزار حاڵەتی نەخۆش كەوتن بەهۆی گەرماوە تۆماركراوەو زیاتر لە ١٠٠ كەسی دیكە گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندرووستی هیندستان ئاماری ئەو كەسانەی بڵاوكردەوە، كە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون و گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە لە ١ی ئاداری ئەمساڵ تا ١٨ی حوزەیران، لە هیندستان ١٠٠ كەس بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە شاری ئۆتار پرادێش تۆماركراوە، كە ٣٦ كەس بووە، لە دوای ئەویش ویلایەتی دیكەی باكووری وڵاتە، لەوانە ڕاجستان، بیهار و ئۆدیشا.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە كۆی ٤٠ هەزار و ٢٧٢ حاڵەتی نەخۆشكەوتن بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما لە نەخۆشخانەكانی هیندستان تۆمار كراون، تەنیا لە سێشەممەی ڕابردوودا ٤٥٧ حاڵەتی نەخۆش كەوتن تۆماركراون.

 

لەکاتێکدا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ناوچەكانی نزیك پایتەختی هیندستان پلەی گەرمایان بۆ ٥١ پلەی سەدی تۆماركرد، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما دابەزن، بەڵام لە هەمان كاتدا هۆشداری دەدات لەوەی كە ڕەنگە دوای ئەوە كەشوهەوای سەخت دەستپێبكاتەوە.