لە ٢٠ ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەزاران خۆپیشاندەر کوژراون
لە ٢٠ەمین ڕۆژیدا، خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران، دژ بە ڕژێمی ئێران بەردەوامی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا، زیاتر لە ١٩ هەزار خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و نزیکەی سێ هەزار خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار خۆپیشاندەری دیکەش بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە و سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازاییەکان، بەڵام خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرەی سەندووە و تا ئێستا بەردەوامە.
''هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران''
بەپێی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و سوپای پاسداران بەردەوامن لە بەکارهێنانی چەندین جۆری توندوتیژی لەوانەش تەقەکردن، بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران، بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان.
هەروەها خۆپیشاندەرانی برینداربوو، بەهۆی مەترسی دەستبەسەرکردنیان یان کوشتنیان لەلایەن هێزە ئەمنییە سەرکوتکەرەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران خۆیان لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بە دوور گرتووە.
زانکۆکان بەردەوامن لە چاودێریکردن و گوشار خستنە سەر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە وەک یەکێک لە ناوەندە هەستیارەکانی ناڕەزایی دەربڕین دادەنرێت.
''بارودۆخی خۆپیشاندەران لە ٢٠ەیەمین ڕۆژدا''
لە ٢٠ـەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، لە ٦١٨ ناوچە و لە ١٨٧ شار لە ٣١ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان پەرەی سەندووە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ زانکۆ هاتوونەتە پاڵ خۆپیشاندانەکان و زانکۆکان بوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتییەکان.
هەروەها خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامی هەیە و لە زۆرێک لە شارەکان سەرەڕای ڕێگرییەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان، بەڵام زۆرێک لە هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران لە شارەکان دەرکراون و دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان داخراون.
هاوکات، لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران، ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ ١١٥ خۆپیشاندەر بڵاو کرایەوە، تا خۆپیشاندانەکان بە ئاژاوەگێری پێناسە بکەن.
سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە شارەکان تەنها لە شەقامەکان سنووردار نەبوو، بەڵکوو ژمارەیەک هاوڵاتی بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کراون یان هێرشکراوەتە سەر ماڵەکانیان بەمەبەستی دەستبەسەرکردنیان.
بڕینی ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەردەوامە و جگە لە ئینتەرنێتی جێگیر و مۆبایل، پەیوەندی تەلەفۆنی و ئامرازەکانی تری پەیوەندیش پچڕاون، سەرەڕای ئەوەش هێرشکراوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییان بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەو ئامێرانەی بۆ پەیوەندییکردن بەکار دەهێندرێت.
بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤیدیۆ و زانیاری پەیوەست بە تەرمی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان و بریندارەکان بە دەستی ڕژێمی ئێران لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەردەوامە، ئەو خێزانانەی تەرمی ئەو کەسانەیان وەرگرتووەتەوە، کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و لە شوێنی ناشتنەکە کۆبوونەتەوە و درووشمی ناڕەزاییان دەڵێنەوە، ڕژێمی ئێران لە بەرانبەر بە پێدانەوەی تەرمی کوژراوەکان بە کەسوکارەکانیان زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن تمەن وەردەگرێت.
''ئاماری دەستبەسەرکردن و کوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەران''
بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی خۆپیشاندانەکان، ١٩ هەزار و ٩٧ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و نزیکەی سێ هەزار خۆپیشاندەر کە داوای مافە ڕەواکانی خۆیان کردووە کوژراون، کە لەو ژمارەیە ١٦ کەسیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیدان، هەروەها دوو هەزار و ٦٧٧ خۆپیشاندەریش بریندار بوون، جگە لەوەش ١٦٣ کەسیش لە هێزی سەربازیی و پۆلیس و داواکارێکی گشتی کوژراون.