ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا: بەرگی دەوڵەت لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کەوتووە

ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناڕەزایی خۆیان لە بێدەنگی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی دژی گەلی کورد لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەربڕی و ڕایانگەیاند، بەرگی دەوڵەت کەوتووەتە کە بانگەشەی مافی مرۆڤی دەکرد.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە ٦ی کانوونی دووەمەوە چەتەکانی داگیرکەری تورکیا و هەتەشە، بە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانک و دەیان هەزار سەرباز هێرشیان کردووەتە سەر هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دانیشتووانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و بەنی زەیدیش بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەرەنگارییەکی گەورەیان لە دژی هەزاران چەتە و تانک و فرۆکە کردووە.

 

بەهۆی هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و بەنی زەید لە حەلەب، ١٢٠ هەزار کەس ناچاربوون کۆچبکەن و زیاتر لە ٥٠٠ کەسی دیکەش بێ پەیوەندین و کەس نازانێت چارەنووسیان چییە؟.

 

کاردانەوەکانی ژنان و هاوڵاتیان لە پەرەسەندندایە و چالاکییەکانی ئیدانەکردنی هێرش و پێشێلکارییەکانی هەتەشە و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامن.

 

ژنانی شاری حەسەکە جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەوەی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ڕوویدا هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هەموو سووریا دەکات، هیچ حکومەت و دەوڵەتێک هێرش ناکاتە سەر هاوڵاتیانی و دوو گەڕەکی بچووک و پارێزراو بەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانک و دەیان هەزار سەربازەوە.

 

''کورد بە هێرش دەکرێتە ئامانج''

بەشیرە جەمالدین، پارێزەر، پشتڕاستی کردەوە، کە هاوڵاتیانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕووبەڕووی هێرشێکی توندی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هەتەشە بوونەتەوە، هەروەها هێرشی دڕندانە و کۆمەڵکوژی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی کورد ئەنجام دراوە، دوای ڕێککەوتنی ١ی نیسان، هێزەکانی هەسەدە لە هەردوو گەڕەکەکە کشایەوە، ئەمەش هێرشێکی ڕوون بوو بۆ سەر هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکە، هەروەها شەهیدەکانمان شەهیدی هەموو سووریان، هەمیشە کورد دەمێنینەوە، وەک کورد دەژین و وەک کورد دەمرین.

 

''بێڕێزیکردنی دەوڵەتەکان''

بەشیرە جەمالدین ڕایگەیاند، ئەو کردەوە دڕندانەیەی ئەنجامیاندا، لەوانەش سووتاندنی تەرمی مردووەکان، ئەوە دەردەخەن کە ئیتر هیچ ڕێکار و ڕەوشتێک نەماوە و ئەوانەی ئەم کارە دەکەن دەبێت سزا بدرێن و وتیشی: ڕووخساری ئەو وڵاتانەی بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن کەوتۆتە سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، پێکەوە پیلانێکیان لە دژی پێکهاتەکانی سووریا جێبەجێکردووە لە سوەیدا و لە شێخ مەقسود بەردەوام بوون، ئێمە گەلێکی ناوخۆیین، لەسەر خاکی خۆمان، بەرگری لە مافە ڕەواکانی خۆمان دەکەین، ئێمە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکاندا پێکەوە دەژین، بەڵام چەتەکانی هەتەشە پێکەوەژیان قبوڵ ناکات و کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتی دەکاتە ئامانج.

 

بەشیرە جەمالدین جەختی لەوە کردەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٥دا هەمووان پشتگیریان لە هێزەکانی هەسەدە کردووە بۆ شەڕی داعش، ئێستا داعش بە پشتیوانی فەرمی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی نوێ لە سووریا بڵاوبووەتەو و کەس پشتیوانی ئەو کەسانە ناکات کە بەهۆیانوە دەکوژرێن.

 

''پێویستە هەمووان بوەستن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش''

دایکی شەهید لاوەند گۆزەل عەلى کە لە سەرێکانی شەهید بوو، داوای کۆکردنەوە بۆ پاراستنی بوونی کورد لە مشەخۆرەکان کرد و وتی: بانگەشەی ئەوە دەکەم کە هاوڵاتیانی مەدەنی نەکەنە ئامانج، بەڵام دەبینین منداڵ و ژن دەکوژن، بۆچی هاوڵاتیان بێدەنگن؟، پارچەی دڵمان بەخشی بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە، ئێمە خوێنمان دا نەک ئاو، شەهید دەنیز و ئامارا نەمرن، هەزاران ژنی خۆڕاگر شوێن پێی ئەوان دەگرن، بۆ گەلی کورد بوەستن! ئێمە خاوەنی شەرعین و مافی خۆمان دەوێت، پێویستە هەموو کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەشداری شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن و ئاگاداری دەستکەوتە پیرۆزەکان بن.