کژار_ئەورووپا: هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هێرشە بۆسەر ژنان

کژار_ئەورووپا ڕایگەیاند هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هێرشە بۆ سەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و بانگەوازی کرد بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"ی ئەورووپا دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە ناوی سوپای نەتەوەیی سووریا "NSA" بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دووپاتکرایەوە، دەستوەرانی حکومەتی فاشیستی تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بێدەنگی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان دەریدەخات، هێرشەکە بۆ لەناوبردنی هەموو دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و شۆڕشی دیموکراتیکی گەلانە.

 

کژار_ئەورووپا ڕایگەیاند هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا هێرشە بۆ سەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و فەلسەفەی گۆڕانکاری، بۆیە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەورووپا، سڵاو لە بەرخۆدانی ژنانی پێشەنگ و گەلانی ئازادیخوازی ڕۆژئاوا و سووریا دەکەین، بۆ پتەوکردنی دەسکەوتەکانی خوشکەکانمان لە ڕۆژئاوا و سووریا، پشتگیری خۆمان ڕادەگەیەنین.

 

بانگەواز لە پارت و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگە و فێمێنیست و خەڵکی مەدەنی ئەورووپا کراوە، لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا بۆ یادکردنەوەی هەزاران شەهیدی ئازادی، پشتگیری لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا و سووریا بکەن بۆ بونیادنانی بەرەیەکی یەکگرتوو.