کەسوکاری شەهیدان: هێشتا نادادی بەردەوامە

کەسوکاری شەهیدانی ١٧شوبات، ڕایانگەیاند هێشتا برینەکانیان ساڕێژ نەبووە، تا ئێستاش ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانیان سوورە دەستگیرنەکراون، هەروەها خەڵاتی ١٧ شوبات دابەشکرا و یەکێک لە خەڵاتەکان پێشکەشی ژنە چالاکوانێکی کۆچکردوو کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتدا، کە ماوەی ٦٩ ڕۆژ لە بەردەرکی سەرا بەردەوام بوو، ڕۆژانە هەزاران هاوڵاتی بەشدار دەبوون، هەر لە یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانیشەوە دەسەڵات توندوتیژی ئەنجامدا، بەهۆیەوە لە ماوەی خۆپیشانەکاندا ١٠ کەس شەهید بوون،  دواتر حکومەت بە زەبری هێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان هێندرا.

 

لە یادی ئەو ڕۆژەدا و ئەمڕۆ لە ناوەندی ڕۆشنبیری جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ یادی ١٧ شوبات و شەهیدەکانی ئەنجام درا، تێیدا کەسوکاری شەهیدان و چالاکانی خۆپیشاندانەکان ئامادەبوون، لە مەراسیمەکەدا وتاری کەسوکاری شەهیدانی ١٧شوبات خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو: پاش ١٠ ساڵ هێشتا برینەکانمان ساڕێژنەبووە، تاوانبارانیش بە ئازادی دەسوڕێنەوە و پلە و پۆستیان پێدراوە.

هەروەها  ڕایانگەیاند، پاش ١٠ ساڵ بەڵام هێستا ئەو داواکارییانەی ڕۆڵەکانیانی لەسەر شەهید کرا وەک خۆی ماوە، دۆخی ژیانی خەڵکیش بە جۆرێک خراپ بووە، هەر دەبێت هەموو ساڵێک بڵێین خۆزگەمان بە پار.

 

دواتر لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی وتار پێشکەشکرا، تارا حسێن، ڕایگەیاند، لە یادی ١٧ی شوباتدا دەسەڵاتی کوردی ڕایگەیاند ئەو دەسەڵاتەی پیلانگێڕی بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجەلان نیشاندا، هەمان پلانگێڕیشی بەرامبەر ئازادیخوازان نیشاندا، ئازادیخوازان دەکرێن بە تیرۆرست و دەکرێنە زیندانەکانەوە بە تۆمەتی بی بنەما.

 

دواتریش پەیامی شەهیدانی ١٧ی شوبات و بەشێکی لە بنەماڵەی شەهیدەکان خوێندرایەوە، لە کۆتاییشدا خەڵاتی ١٧ی شوبات پێشکەشی سێ کەس کرا، خەڵاتی یەکەم پێشکەشی منداڵێک بە ناوی ڕێژوان کرا، کە بە ناوی یەکەم شەهیدی خۆپیشاندانەکانەوە "شەهید ڕێژوان عەلی" ناونراوە، ئەو منداڵە ئێستا تەمەنی ١٠ ساڵە.

خەڵاتی دووەمیش پێشکەشی، چالاکوانی کۆچکردوو، "سەبیحە محەمەد" کرا، ئەو چالاکوانە بەردەوام سەرجەم ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکە لە سەرای ئازادی  ئامادە دەبوو، بەر لە دوو مانگ کۆچی دوایکردووە.

خەڵاتی سێیەمیش پێشکەشی یەکێکی دیکە لە چالاکوانەکانی خۆپیشاندانەکان بە ناوی "زانا عەلی" کرا.

 

ت.پ