کەنەکە لە هەورامان لەگەڵ زەردەشتی، کاکەیی و ڕۆشنبیران کۆبووەوە

شاندی کەنەکە دوێنێ لە ئێوارە خوانێکدا لەگەڵ زەردەشتی، کاکەیی و ڕۆشنبیراندا کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر دۆخی باشوری کوردستان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد.

هەورامان

 

ئێوارەی دوێنێ شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، ئێوارە خوانێکیان لە گوندی وەزەنێ لە هەورامان بۆ کۆمەڵێک ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس، زەردەشتی و کاکەییەکانی سنوری هەورامان و هەڵەبجە، بە مەبەستی پێکەوە ئاشنابوون و گفتوگۆ کردن لەسەر دۆخی باشوری کوردستان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان ڕێکخست.

شاندی کەنەکە لەگەڵ ئامادەبوواندا کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی کراوەیان ئەنجامدا، زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە ئاماژەی بەوەدا: باشوری کوردستان ڕووبەڕووی داگیرکاری دەبێتەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر دەستکەوتەکانمان کە بە تێکۆشانێکی چەندین ساڵە و بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی شەهیدی گەلەکەمان بەدیهاتووە، بۆیە ئەمڕۆ لە ئاست داگیرکارییەکان هەموو لایەن و کەسێک بەرپرسیارە لە پاراستنی دەستکەوتەکاندا.

زەینەب موراد وتیشی: ماوەی ٢٠ ڕۆژە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باشوری کوردستان کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان و گەلدا کردووە تا لە نزیکەوە بۆچوون و هەڵوێست لەیەکتر وەربگرین بەرامبەر دۆخی هەستیاری کوردستان، تا بتوانین بە یەک دەنگی و یەکڕیزی هەموو لایەک خاکی کوردستان بپارێزین.

کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆ لە نێوان زەردەشتییەکان، کاکەییەکان، ڕۆژنامەنووسان وڕۆشنبیرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان بەردەوام بوو، ئامادەبووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی گەلی کورد ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هەڵوێست و یەکڕیزی هەیە تا داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و قڕکردنی نەتەوەی کورد و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان بوەستێندرێت.

ت.پ