کۆنفرانسی ژنانی ئابیا یالا و کوردستان بە گفتوگۆکانی بەردەوامە
دوێنێ لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا بە بەشداری ٤٠٠ نوێنەری ژن لە هەموو لایەکی جیهانەوە کۆنفرانسی 'گەشەدەکەین چونکە شەڕ ناتوانێت ڕێشەکێشمان بکات' دەستی پێکرد و بە چەند پانێڵ و دانیشتنێک دەربارەی پرسەکانی ژنان وتوێژ کرا.
ناوەندی هەواڵ
بە پێشەنگایەتی تۆڕی 'ژنان ئایندە دادەڕێژنەوە' و بزووتنەوەکانی ژنانی ئەمریکای لاتین لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا لە دژی ڕەهەند و دەرنجامەکانی سیاسەتە تێکدەرەکانی کۆڵۆنیالیزم، پیاوسالاری و سەرمایەداری و هەڵسەنگاندنیان، ئێوارەی ١١ـی شووبات بە بەشداری ٤٠٠ ئەندام ژنانی ئەندامی ئابیا یالا "ئەمریکای لاتین" و کوردستان کۆنفرانسی 'گەشەدەکەین چونکە شەڕ ناتوانێت ڕیشەکێشمان بکات' دەستی پێکرد و بڕیارە ئەمڕۆ بەرنامەی کۆنفرانسەکە کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت، بە سێ دانیشتنی پلینۆم و ڕۆژێک وۆرک شۆپ بەڕیوەبچێت.
کۆنفرانسەکە بە ئەنجامدانی پانێڵ و دانیشتن، بە وتوێژ و هەڵسەنگاندنی ژنان لەسەر پرسە سیاسی و جڤاکی و ئیکۆلۆژییەکان لەیەکەم ڕۆژییدا کە دەکاتە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
لە کۆنفرانسەکەدا ڕۆژنامەوانی کوردستانی دەنگر گونەش قسەی کرد و لە قسەکانیدا سەرنجی خستەسەر پەیکەری کوردستان کە بەسەر چوار بەشدا دابەش کراوە و ئەو تێکۆشانەی کە ساڵانێکە لە هەموو کوردستاندا بەڕێوەدەچێت. گونەش بە تایبەت سەرنجی خستەسەر تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان کە بە مەبنای پارادایمی ڕزگاری ژنان سەرپێخراوە.
وتیشی: ڕاستە کوردستان بەسەر چوار پارچەدا دابەشبووە و ساڵانێکە لە هەموو ئەو جوگرافیایانە خەباتێک هەیە، ئێمە بۆ بوون خەباتمان کردووە، پێمان وایە بەرخۆدان خودی ژیانە. یەکەم دروشمی ئێمە 'سەرکەوتن یان سەرکەوتن' بوو، کە ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان لە خەباتدا گێڕاوە.