خوێندکارێک بەهۆی هۆنینەوەی کەزییەوە زیندانی کرا

خوێندکارێک لە ئزمیر بەهۆی بڵاوکردنەوەی دیمەنێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا کەزی دەهۆنێتەوە، لە ٥ی شوبات دەستبەسەرکرا، ئەو پەڕاوی تاوانەی دژی ئامادەکرابوو لەلایەن دادگاوە قبووڵکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

خوێندکارێکی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بە ناوی "ئا. ک" لە چوارچێوەی ئەو کەمپەینەی دوای هێرشی سەر ڕۆژئاوا و بڕینی کەزی شەڕڤانێک لەلایەن چەتەکانەوە دەستیپێکردبوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەن و وێنەی هۆنینەوەی کەزی خۆی بڵاوکردەوە.

 

داواکاریی گشتی ئەم بڵاوکراوەیەی دیجیتاڵ میدیای وەک "پرۆپاگەندە بۆ ڕێکخستن" ناوبرد. دووەمین دادگای سزادانی منداڵانی ئزمیر پەڕاوی تاوانەکەی قبوڵ کرد. دانیشتنی یەکەم لە ٣ی ئادار لە کاتژمێر ٣:٠٠ بەڕێوەدەچێت.

 

پارێزەرانی خوێندکارەکە داوای ئازادکردنیان کرد. بەڵام دادگا بڕیاریدا بە بیانووی ئەگەری تاوانباربوون و هەڵهاتن، زیندانی کردنی بەردەوام بێت.