خولێکی ڕۆژنامەنووسی سیاسی بۆ ژنان کرایەوە
لەلایەن ڕێکخراوی ئینتەرنیوزی نێودەوڵەتی خولێکی ڕۆژنامەنووسی بۆ بواری سیاسی و ئابوری بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس ئەنجامدرا، لە کۆتایی خولەکەشدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووان.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٣٠ ئایاردا لەلایەن ڕێکخراوی ئینتەرنیوزی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (دەنگەکانمان)، خولێکی پێنج ڕۆژی بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا.
لە خولەکەدا ٢١ ڕۆژنامەنووس لە شارەکانی سلێمانی، دهۆک، گەرمیان و هەڵەبجە بەشدارییان کردبوو، کە سەرجەمیان ڕۆژنامەنووس یاخود قوتابی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆ و پەیمانگاکان بوون.

خولەکە تایبەت بوو بە بابەتە سیاسی و ئابوورییەکان، لە نێویشیاندا دۆخی سیاسی ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان باس کرا، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ بەیانی تا سێ و نیوی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ.

خولەکە لەلایەن فەرمان عەبدولڕەحمان، ڕاهێنەر و ڕۆژنامەنووس دەوترایەوە، کۆمەڵێک ڕاهێنانی پراکتیکی و وانەی بە بەشداربووان پێشکەشکرا.

لە کۆتا ڕۆژی خولەکەشدا، بڕوانامەی بەشداریکردنی پێشکەشی بەشداربووان کرا، هاوکات خولەکە بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی ژنان بوو لە بوارەکانی ئابوری و سیاسەتدا.
ت.پ