خۆپیشاندەران: ئەوەی لە سوەیدا دەگوزەرێت تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەو داوای دادپەروەری نێودەوڵەتی دەکەین
دەیان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدای سووریا لە گۆڕەپانی کەرەمە ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە دەکەن کە بەسەر ئەو شارەدا سەپێندراوە، هەروەها داوای دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتیی بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەکەن.

ڕۆشێل جونیور
سوەیدا-هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی چەندین پایتەختی ئەوروپا لەوانە نەرویج، ئەڵمانیا، سویسرا، فەرەنسا، بەلجیکا و سوید، دەیان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدای سووریا ڕۆژی ١٢ی ئاب لە گۆڕەپانی کەرەمە چوونە شەقامەکان و داوایان کرد کۆتایی بەو گەمارۆیە بێت کە لە ١٣ی تەمووزەوە بەسەر سوەیدادا سەپێندراوە و لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییەکان بکرێت کە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی و بەتایبەت ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێن.
ئەو خۆپیشاندانە لە وەڵامی ئەوەی بەشداربووانەوە بووکە بە "بێدەنگیی نێودەوڵەتی گوماناوی" و "هاوبەشی ڕاگەیاندنی" پێناسەیان کرد، لە نێوان ئەو گەمارۆ خنکێنەرە بەردەوامەی کە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنیی کردووە بە کارەساتێکی ڕۆژانە، هاوکات نەبوونی هیچ دەستێوەردانێکی مرۆیی یان ڕووماڵێکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ.
بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە جەختیان لە سەر پێویستی دەستوەردانی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژیانەی ئەنجامدراون، وتیان: دەبێت دەروازە مرۆییەکان بکرێنەوە، هەروەها ڕێگە بە ڕاگەیاندن و خاچی سوور بدرێت بچنە ژوورەوە بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان و وەرگرتنەوەی تەرمەکان.
یەکێک لە ژنانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە کە ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات، وردەکارییە ترسناکەکانی سەبارەت بەو کۆمەڵکوژیانەی لە شارەکەدا ڕوویانداوە گێڕاوەتەوە و وتی: من لەسەر سنووری ڕۆژئاوا بووم، ئەوانیش فیجیۆی کوشتن و کۆمەڵکوژییەکانیان بۆ دەناردم، ئەوەی ڕوویدا پێناسە ناکرێت، لەنێو دوایین کۆمەڵکوژییەکانیدا کە شایەتحاڵی بووە، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵان بووە کە بە شێوەیەکی ترسناک کوژراوە، جگە لە کوشتنی کچێکی بچووک و بڕینی جەستەی.
ڕوونیکردەوە کە لەسێدارەدانی مەیدانی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدراوە، هەموو شتێکمان بەڵگەدار کرد، چونکە ژن و هاوڵاتیانی مەدەنی بێ بەرگرییان سەردەبڕی و وێنەیان دەگرت.
بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، وتی: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات بۆ وەستاندنی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر کۆمەڵگەی دروز ئەنجامدراون، چونکە ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر هیچ کەسێک، بەڵکو هەمیشە میوانداری کەسانێکمان کردووە لە ماڵەکانماندا کە هاوڵاتیانی پێکهاتەی ئێمە نەبوون، بەداخەوە ئەوانەی میوانداریمان کردبوون خیانەتیان لێکردین و کوشتیانین و زاناکانمانیان کردە ئامانج، لەنێویاندا پزیشک و ئەندازیار و ئەفسەران، چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو سوەیدا وەک ئەوە وابوو کە لە دەستی هاوڵاتیانی خۆی ڕزگاری بکەن.
داواکاری مرۆیی بەپەلە
میرڤەت بو ترابی، ڕێکخەری گردبوونەوەی گەنجانی مەدەنی ڕایگەیاند، ئەوەی لە سوەیدا ڕوودەدات لە قەیرانێکی ناوخۆیی تێپەڕیوە بۆتە تاوانێکی مرۆیی کە بە دەنگ و ڤیدیۆ بەڵگەدار کراوە، وتی: چووینە خوێندنگە و نەخۆشخانەکان و ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتیانمان بینی کە ئاوارەبوون، منداڵەکان و ژیانییان لەدەستچووە، هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا سەلامەت بوون، بەڵام لەناکاو بێ ماڵ و حاڵ بوون، بێ جل و بەرگ، بێ خواردن. نە غاز، نە بەنزین و نان و سەوزە و دەرمانیش نزیکە لە مەحاڵەوە دەستەبەر بکرێت.
داوای لە هەموو وڵاتان کرد چارەسەری کۆتایی بدۆزنەوە و ڕێگە بە ڕاگەیاندنەکان بدەن ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن بەڵگەی بکەن، چونکە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی سووریا ڕاستییەکان دەشێوێنن و پاساو بۆ ئەو تاوانانە دەهێننەوە کە لە سوەیدا شایەتحاڵی بوون، وتی: هاتنە ژوورەوەی ئەو لیژنە لێکۆڵینەوەیە ڕەتدەکەینەوە کە جولانی پێکیهێناوە بۆ ناو سوەیدا و داوای لێژنەیەکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکەین.
سوەیدا هێمایەک بۆ پێکەوەژیان
ڕیهام عەواد، چالاکوانی مەدەنی جەختی لەوەکردەوە کە سوەیدا هەرگیز شوێنی توندوتیژی نەبووە، بەڵکو هێمای پێکەوەژیان بووە، وتی: پێشتر شانازیمان بەوە دەکرد کە سووریین، بەڵام ئەمڕۆ شانازی بەوە دەکەین کەهاوڵاتیانی بەنی مەعروفین، نازانن چۆن کەسێک بکوژن، داوای کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی دەکەین، ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسانی بیانی بدرێت بچنە ژوورەوە بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانە بکرێت کە لەناو نەخۆشخانەکان ئەنجامدراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا تەرمەکان ماون کە نەمانتوانیوە دەستمان پێیان بگات، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستوەردان بکەن و ڕێگە بە خاچی سوور بدەن بچنە ببینەناو گوندە زیانلێکەوتووەکانەوە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان.