مۆزەخانەی "شماش" لە بەغدا وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی مێژووی جووەکان کراوەتەوە

لە شەقامی ڕەشیدی مێژوویی لە ناوەڕاستی بەغدا، بینای قوتابخانەی کەلەپووریی “شماش” گۆڕدراوە بۆ یەکەم مۆزەخانەی تایبەت بە پاشماوە و مێژووی جووەکانی عێراق و ماوەی مانگێکە بەڕووی خەڵکدا کراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کردنەوەی ئەم ناوەندە بە دەستپێشخەری نوێنەرانی پێکهاتەی جووەکان بووە، بە ئامانجی پاراستنی یادەوەری و کەلەپووری کەمینەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ زیاتر لە ٢٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ئەمڕۆ لە مەترسیی سڕینەوەی یەکجارەکیدایە.

 

مۆزەخانەکە کە مانگی ڕابردوو دەرگاکانی واڵا کرد، چەندین بەڵگەنامەی مێژوویی، وێنەی خێزانی و بڕوانامەی خوێندنی جووەکانی عێراقی تێدا نمایش کراوە.

 

عەمار تەمیمی، پارێزەر لە لیژنەی کارگێڕیی جووەکانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە تاکە مۆزەخانەی تایبەت بەو پێکهاتەیەیە لە سەرانسەری عێراقدا و لەگەڵ کردنەوەیدا بەڕووی سەردانیکەراندا، پێشوازییەکی باشی لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقی و گەشتیارانی بیانییەوە لێکراوە.