لە هەڵمەتێکدا ۳۰ فەڵەستینی کە لە نێویاندا دوو ژن و ڕۆژنامەنووسێک هەن لە کەرتی ڕۆژئاوا دەستگیر کران

شارو کامپەکانی کەرتی ڕۆژئاوا هەڵمەتێکی بەربڵاوی هەڵکوتانەسەری لەلایەن ئیسرائیلەوە بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی دەستبەسەرکردنی ۳۰ فەڵەستینی، لە نێویاندا ژن و ڕۆژنامەنووسێک هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دانیشتووانی کەرتی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی پەرەسەندنێکی توندی پێشێلکارییە بەشێوازکراوەکانی ئیسرائیل دەبنەوە، کە تێیدا کردەوەکانی کوشتنی بە ئەنقەست، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، ڕوخاندنی ماڵان زیاتر کراون سەرباری فراوانکردنی نیشتەجێکردن، ئەم جێبەجێکارییانە ڕاستیەکی کارەساتبار دەسەپێنن کە هەڕەشە لە بوونی فەڵەستینی دەکات و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

 

هێزەکانی ئیسرائیل ٤ی تشرینی دووەم ۳۰ فەڵەستینییان دەستگیر کرد کە لە نێویاندا دوو ژن و ڕۆژنامەنووسێک هەن، لە کاتی هەڵمەتێکی هەڵکوتانەسەر و بەسەرکردنەوەدا کە شار، شارۆچکە و کامپەکانی کەرتی ڕۆژئاوای گرتەوە.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی دیلەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی بەربڵاویان لە شاری جەنین جێبەجێ کرد کە ١٤ فەڵەستینی گرتەوە، شیما ئەبو غالی، دیلی ئازادکراویان دووبارە دەستگیر کردەوە لە کاتی هەڵکوتانەسەر گەڕەکی ڕۆژهەڵاتی شارەکەدا، لە نابلس پێنج فەڵەستینییان لە کامپی عەین لە ڕۆژئاوای شارەکە دەستگیر کرد، هەروەها رباب سەمارە، هاوڵاتی لە کاتی هەڵکوتانەسەر بەشە کۆنەکەی شاردا، لەگەڵ دیلێکی ئازادکراو دوای هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی لە باشووری کەرتی ڕۆژئاوا.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی دیلەکان پێی وابوو کە پەرەسەندنی هەڵمەتەکانی هەڵکوتانەسەر و دەستگیرکردن لە شارەکانی کەرتی ڕۆژئاوا بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی بەردەوامی سیاسەتی ڕاوەدوونانی بەکۆمەڵە، بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ژنانە، لە پێشێلکارییەکی بەردەوامی مافەکانی فەڵەستینییەکاندا، وتی: هێزەکانی ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لە فەڵەستینییەکان دەستگیر دەکەن و دەیانخەنە ژێر لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە کاتی هەڵکوتانەسەرەکانیاندا بۆ سەر شارەکانی کەرتی ڕۆژئاوا.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە غەززە لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۳دا، هێزەکانی ئیسرائیل کردەوەکانیانیان هاوشان لەگەڵ پەرەسەندنی تیرۆری نیشتەجێبوواندا لە کەرتی ڕۆژئاوا لەوانیش قودسی ڕۆژهەڵات پەرەپێدا ، هەروەها ئەم ڕووداوانە لە کەرتی ڕۆژئاوا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و٢٢٠ فەڵەستینی و برینداربوونی نزیکەی ۱۳ هەزار و ۳٥۰ کەسی تر، سەرباری دەستگیرکردنی زیاتر لە ۲٦ هەزار کەس، بەپێی زانیارییە فەڵەستینییەکان.