خۆبەڕێوەبەری شنگال: لەسەر شنگال پلانی نوێ هەیە
خۆبەڕێوەبەری شنگال ڕایگەیاند، لەسەر شنگال پیلانگێڕییەکی پیس و مەترسیدار هەیە، کۆمەڵگەی ئێزدی هێشتا خوێن لە برینەکانی جینۆسایدی دەچۆڕێت و بەرگەی کۆمەڵکوژییەکی تر ناگرێت، بۆیە بانگەوازی بەپەلە لە حکومەتی بەغداد دەکەین، هەڵوێست نیشان بدات.
شنگال
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەڕەشە و پلانەکانی سەر شەنگال ڕاگەیاند.
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە قووڵ و خێرایەی کە ئەمڕۆ هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، وڵاتەکەمان، شەنگال، وەک هەرێمێکی ستراتیژی و هەستیار، پشکی خۆیشی لەو گۆڕانکارییانە وەردەگرێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی مەترسیی نوێ و مەترسیدار دەبێتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایە، پلانی نوێ و گڵاو لە دژی شەنگال لە ڕۆژەڤدایە. جا ئەو پلانانە لە ڕێگەی هێزی سەربازیی بیانییەوە بێت یان لە ڕێگەی جوڵاندنی شانە نووستوە توندڕەوەکانەوە بێت، بەتەواوی سەقامگیری هەرێمەکە و ئیرادەی گەلەکەمان دەکەنە ئامانج. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم زانیارییە گرنگە، بە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی دەبینین کە کۆمەڵگەکەمان، ڕای گشتی جیهان، ناسیاو و دۆستەکانی کۆمەڵگەکەمان لەم دۆخە مەترسیدارە ئاگادار بکەینەوە و دەنگی خۆمان بە هەموو لایەک بگەیەنین.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە تایبەتی ئاماژە بە هەڕەشەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان کراوە و ڕاگەیاندراوە، جموجۆڵی نائاسایی لە دەوروبەری شەنگال بینراوە.
"سیاسەتی لەناوبردن بەسەر ئیرادەی گەلەکەماندا دەسەپێنرێت و جێگەی قبوڵکردن نییە"
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ڕایگەیاند، هەندێک کەسایەتی کە لەژێر خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکدان، هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە دەدەن و ناتەبایی لەنێوان پێکهاتەکاندا دەچێنن بەهەموو شێوەیەک و گوترا: “وەک شەنگال کە بەشێک لە خاکی عێراقە، لەبیرمانە لە ساڵانی ڕابردوودا کاتێک دەوڵەت نەیتوانی ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئێزدییەکان جێبەجێ بکات و گەلەکەمان ڕووبەڕووی فەرمانێکی ڕەشبووەوە، گەلەکەمان لە ڕێگەی هێزی خۆییەوە ئەرکی خۆپاراستنی لەئەستۆ گرت و خاکەکەی پاراست. بەداخەوە ئەمڕۆ لەبری داننان بەو هێزانەی بەرخۆدانیان کرد، سیاسەتی لەناوبردن بەسەر ئیرادەی کۆمەڵگەکەماندا دەسەپێندرێت و ئەمەش شیاوی قبوڵکردن نییە.
ئیدارەی شەنگال ڕایگەیاند، بەهۆی ئەم دۆخەوە ڕاستەوخۆ پەیامەکانیان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع سوودانی دەنێرن و بانگەوازی لە حکومەت کرد هەڵوێستێکی ڕوون و جدی لە بەرانبەر ئەو هەوڵە گوماناوییانە نیشان بدات، چونکە هەر ڕووداوێکی سەربازی، سیاسی یان کۆمەڵایەتی کە ژیانی خەڵکی شەنگال بکاتە ئامانج، کارەساتێکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەو کۆمەڵگەیە کە تا ئێستاش برینەکانی ئەو فەرمانە هەڵدەگرێت، ناتوانێت بەرگەی زوڵمێکی نوێ بگرێت و گوترا: “وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال کە ساڵانێکە باجی قورس دەدەین بۆ گەڕانەوەی گەلەکەمان و ژیانێکی ئازاد لەگەڵ هێزەکانمان وەک یەبەشە، یەژەشە و ئاسایش، هەمیشە ئامادەیی خۆمان بۆ گفتوگۆ نیشاندەدەین بۆ ئەوەی پرسەکان بە شێوەیەکی یاسایی چارەسەر بکرێن. وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ئامادەین هەموو پرسەکانی ئێستا لە چوارچێوەی یاساییدا چارەسەر بکەین.
ڕاگەیاندراوەکە بەمجۆرە کۆتایی هات: “تا ئێستا هەمیشە هەوڵمان داوە کۆمەڵگەکەمان و جوگرافیای شەنگال لە شەڕ دوور بخەینەوە، بەڵام لە دۆخێکی پێچەوانەدا و بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە بە زۆر بسەپێنرێت، دەوڵەتی عێراق وەک لایەنی بەرپرسیاری یەکەم دەبینین. بانگەواز لە هەموو لایەنە ئاشتیخوازەکان و نەیارانی شەڕ دەکەین کە هەڵوێستیان هەبێت بەرانبەر بەو پلانانە، هەروەها بانگەواز لە گەلەکەمان، هەموو هێزە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان دەکەین بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی شەنگال، بە یەکێتییەکی نەتەوەیی بەهێزەوە مامەڵە بکەن و ڕێگە بە لایەنی شەڕخواز نەدەن جارێکی دیکە شەنگال بکەنە گۆڕەپانی شەڕ و ماڵوێرانی.”