خانزاد محەمەد ئەمین: خەتەنەکردنی مێیینە تیرۆرێکە لەسەر ژنان و کۆمەڵگە
خەتەنەکردنی مێیینە ڕێگەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی دژی ژنان، یەکێکە لە تاوانە کولتوورییەکان کە ئەنجام دەدرێت، خانزاد محەمەد ئەمین، پەرستاری مامانی و ڕاهێنەرو پەروەردەکاری مامانی دەڵێت: خەتەنەکردنی مێیینە تیرۆرێکە لەسەر ژنان.
هێلین ئەحمەد
سلیمانی_ بە درێژایی مێژوو چەند دابونەریتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرژەوەندی پیاوسالاری وەک شوناسی کولتووری سوودیان لێ وەرگرتووە، بەڵام کاتیک ئەم دابونەریتە دەبێتە پڕاکتیکێک کە زیانی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە، زیان بە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە دەگەیەنێت، خەتەنەکردنی مێیینە لە ڕابردوودا بە بیانووی کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووی سێکسی و پاراستنی پاکیزەی ڕەوایەتی پێدەدرا، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە ترسی بۆژنان دروستکردووە، ژنانی ناچار بە ئەنجامدانی خەتەنەکردن کردوەتەوە، لە ڕێگەی خەتەنەکردنی منداڵی کچ و نەوەکانیانەوە خۆیان لە کوشتن پاراستووە، سەرەڕای خەتەنەکردنی مێینە، کاریگەرییە نەرێنییەکان بۆسەر ژنان بە گوێرەی ئەنجامدانی خەتەنەکردنەکە دروست دەکات.
لە ساڵی ٢٠١٠ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دابینکەرانی چاوەدێری تەندروستی کردووە کە واز لە ئەنجامدانی هەموو جۆرەکانی خەتەنەی مێینە بهێنن، بەڵم تا ئێستاش لەهەندێک لە وڵاتان و شوێنە دوورە دەستەکانی شاردا ئەم تاوانەی بەرامبەر منداڵان و ژنان بەردەوامی هەیە، کە پێویست دەکات چالاکوانانی مافی مرۆڤ، توێژەران و بەرپرسان لە یەک کاتدا لە ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و یاساییدا کار بکەن بۆ ئەوەی ژنان لە دەرئەنجامە زیانبەخش و زیانبەخشەکانی ئەم کارە ڕزگاریان بێت و کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر بونیاد بنرێت.
خانزاد محەمەد ئەمین، پەرستاری مامانی و ڕاهێنەرو پەروەردەکاری مامانی سەبارەت بە خەتەنەکردنی مێینە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
"خەتەنەکردنی مێیینە تیرۆرێکە لەسەر ژنان و کۆمەڵگە "
خانزاد محەمەد ئەمین، پەرستاری مامانی و ڕاهێنەرو پەروەردەکاری مامانی ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی بڕینی بەشێک لە ئەندامی مێیینەی ژنێک، تیرۆری مێینە ئەنجام دەدرێت، لەدەستدانی بەشێک لە ئەندامی زاوزێی ژنان بە ناوی خەتەنەوە، لەدەستدانی هەست و سۆزی جەستەی لەدەستدەدات وتی: خەتەنەکردنی مێینە و بڕینی بەشێک لە ئەندامی مێیینەی ژنان، جینۆسایدکردنێکی دیکەی ژنانە لە ڕێگەی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە کۆنەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان لە ئێستادا ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، لە ناوچە دوورە دەستەکان و دەرەوەی شارەکان تا ئێستاش خەتەنەکردنی مێیینە لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوامی هەیە، لە ئێستادا هیچ خێزانێک بۆ ئەنجامی خەتەنەکردنی مێیینە سەردان و ڕاوێژ بە مامانەکانمان ناکەن.
"هەندێک لە منداڵان بەهۆی خەتەنەوە گیان لەدەستدەدەن"
جەختی لە چەندین شێوازی خەتەنەکردنی مێینە و ئەنجامدانی کردەوە وتیشی: خەتەنەکردنی مێیینە لە چوار جۆردا خۆی دەبینێتەوە، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا تەنها گەیشتووەتە جۆری دووەم، بڕینێکی کەمتر لە ژمارە چوار ئەنجام دەدرێت، لە وڵاتانی دیکە زۆرێک لە بڕینەکان دەگاتە ژمارە چوار، کە بە تەواوی ئەندامی زاوزێ و ڕێڕەوی میزی ژنان لابراوە، هەر خۆرێک لە توندوتیژی خەتەنەکردن کاریگەری دەروونی و جەستەیی بەسەر ژنانەوە جێدەهێڵێت، لە ڕێگەی تیغێک یان گوێزانێکی ئاسنەوە بەشێک لە ئەندامی مێینەی لادەبرێت، پاشان لە ڕێگەی خۆڵەمێشەوە کۆتای پێدەهێندرێت، کە ئەم ڕێگایە باوترین جۆری خەتەنەکردنی مێینەیە لە هەرێمی کوردستاندا، خەتەنەکردنی مێیینە لە تەمەنی یەک مانگ تا پێنج ساڵ ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەنجامدانی خەتەنەکەدا بەشێک لە منداڵان تووشی تێکچوونی تەندروستیان بوون، لەگەڵ ئەنجامداندا یان تووشی خوێنبەربوون دەبن، یان لە ڕێگەی هەوکردنەوە تووشی نەخۆشییە کوشندەکان دەبن، بەشێک لە منداڵان بەرگەی ئەو ئازارو خوێنبەربونەو ناگرن و لە کۆتاییدا گیان لەدەستدەدەن.
"خەتەنە کردنی مێیینە کێشەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت"
خانزاد محەمەد ئەمین لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، لەگەڵ گەورەبوونی ئەو منداڵە، کاریگەرییە دەروونی و جەسستەیەکان چاوەڕێی دەکات وتی: ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی خەتەنەکردن بوونەتەوە لە کاتی بوونی منداڵدا کێشەی تەندروستیان بۆ دروست دەکات، لە کاتی پێکهینانی ژیانی هاوبەسدا ڕووبەڕووی گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، پاشان لە دوای خەتەنەکردنی مێیینە ملی منداڵدانی دایکەکە بچووک دەبێتەوە، کە ڕێگری لە منداڵبوونێکی تەندروست و ئاسان دەکات، تەنها کێشەی تەندروستی نییە بەڵکو کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زۆرێک لەو ژنانەی خەتەنەکردنیان دەرەجە دووە باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکەن، کە هەندێک جار جیابوونەوەی هاوژینانیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: لە ڕێگەی بینینی کەیسەکانەوە بڕیار لەسەر هۆکارەکانی خەتەنەکردنی مێینە دەدەین، کاتێک ژنان ڕووبەڕووی جەنگی نێوان وڵاتان دەبنەوە لە لایەن داگیرکەرانەوە توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، تەواوی ئەندامی مێیینەیان یان دەبڕدرێت، لە ڕێگەی ڕێکخراوێکەوە لە شاری هەولێر ئەو ژنانەی لە ڕێگەی خەتەنەکردن و توندوتیژی جەنگییەوە ئەندامی مێینەیان بڕدراوە، لە دەرەوەی وڵات نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدەدرێت، هیوادارم هیچ تاکێکی کۆمەڵگە توندوتیژی دەروونی و جەستەی لە ڕێگەی خەتەنەکردنی مێینەوە ئەنجام نەدەن.