هەلهەلەی ئەمازۆنییەکان؛ ڕابردوویەکی زیندوو لە ڕۆحی شەڕڤانانی ژندا
بەسرا مووش
ژنانی ئەمازۆن، ساڵانێک تەنها وەکوو بەشێک لە گێڕانەوەیەکی میتۆلۆژی ناو دەهێندران، لە میتۆلۆژیای یۆنانی کۆندا؛ ئەوان ئەو کەسایەتییانە بوون کە سیستەمی پیاوسالارییان تێکدەدا، بێ ڕێگەپێدان دەچوونە گۆڕەپانی شەڕ، چاونەترس و “لە دژی سرووشت” بوون، بەڵام هەر کە پەردە لەسەر ئەفسانەکە لابرا، بینرا کە ئەمازۆنییەکان تەنها بەرهەمی خەیاڵ نین؛ بەڵکوو لەناو قاتە تۆز لەسەر نیشتووەکانی مێژوودا وەکوو ڕاستییەک خۆیان نیشاندەدەن.
لە هەڵکۆڵینی گۆڕە کولتوورییەکانی ئیسکیت "ساکا"یدا، دۆزینەوەی تیر، کەوان، شمشێر و کەرەستەی سەر ئەسپ لە گۆڕەکانی ژناندا، ئەم ڕاستییەی دەرخست، وێڕای ئەوە، دۆزینەوەی شوێنەواری تیر و شمشێر لە بەشێک لە ئێسکەپەیکەرەکاندا، ئەوەی سەلماند کە ئەم ژنانە تەنها سیمبولی شەڕڤانی نەبوون، بەڵکوو وەکوو بکەر و بە شێوەیەکی کردەیی لەناو شەڕدا بەشدار بوون، ئیسکیتییەکان؛ لە ئاسیای ناوەڕاستەوە تاوەکوو باشووری قەوقاز، لە باکووری دەریای ڕەشەوە تاوەکوو ئەردەخان-گۆلە، لە نێوان سەدەکانی هەشتەم تا سێیەمی پێش زایین لە جوگرافیایەکی فراواندا ژیاون.
ئەفسانەی یۆنانی، ئەمازۆنییەکانی وەکوو “وێرانکەرانی سرووشت”دەردەخست و لەبەرئەوەی بە گوێرەی زیهنییەتی یۆنانی ‘شەڕ’ ڕۆڵ و ئەرکی پیاو بوو؛ ئەو ژنەی چەکی هەڵدەگرت، هەڕەشەیەک بوو بۆ سەر هێرارشی "پلەبەندی"ی کۆمەڵایەتی، لەبەرئەوە ئەمازۆنییەکان وەکوو ستەمکار و ترسناک پێناسەکران، ئەو گێڕانەوانەی دەیانگوت بۆ ئەوەی تیرەکانیان ئاسانتر بهاوێژن، یەکێک لە مەمکەکانی خۆیان دەبڕی، بەشێک بوون لەم وێرانکارییە، لە ڕاستیدا ئەم گێڕانەوانە ڕەنگدانەوەی ترسی زیهنییەتی ئەفسانەی پیاو بوو کە لە بەرانبەر جەنگاوەریی ژنان هەستی پێ دەکرا.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زیهنییەتێکی هاوشێوە باڵادەست بوو، خواستی ئەوە هەبوو کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک توانا جەنگییەکانی ژنان سەرکوت بکرێن و پێکهاتەی سێکیولاری ژنانی ئامازۆن و هەلهەلەکانیان لە کاتی شەڕدا، تەنها بانگەوازێکی شەڕ نەبوو؛ بەڵکوو نماییشی هێزێکی بەکۆمەڵ بوو کە لە دڵی دوژمندا هەژانێکی دەروونی درووستدەکرد، ئەمازۆنییەکان بە جەنگاوەریی خۆیان بەرگرییان لە خاک و گەلانی خۆیان کرد.
ئەم هێڵە مێژووییە، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە خۆی نیشاندەدات، ئەو ژنانەی کە مۆری خۆیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دا، نەک تەنها لە گۆڕەپانی شەڕدا؛ بەڵکوو لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیشدا ڕۆڵێکی چالاکیان خستە ئەستۆی خۆیان و دامەزراوەکانی ژنان دامەزران، درێژە بە خەباتەکانی هۆشیاری درا و ژن، وەکو بکەری کۆمەڵایەتی سەرلەنوێ پێناسەکرا، ئەم دەسکەوتانە، بە تایبەت بۆ زیهنییەتی جیهادییەکان بوونە گەورەترین ترس، لەبەرئەوەی بە گوێرەی ئەم تێگەیشتنە، کوژران بە دەستی ژن بە واتای “نەچوونە بەهەشت” دێت. ژن، وەکو ئەمازۆنییەکان، هێزێک بوو کە سیستەمی تێکدەدا.
تووڕەیی بەرانبەر ژن کە لە پێکهاتەکانی وەکو داعش و هەتەشەدا دەبینرێت، تەنها نەفرەتێکی ڕۆژانە نییە؛ بەردەوامیی تووڕەییەکی مێژووییە، ئەم تووڕەییە، بەرانبەر پاراستنی خود، خاک و کۆمەڵگەیە لەلایەن ژنەوە، تووڕەیی بەرانبەر تەرمێک، تەنها داخوازیی شکستهێنان بە نەیار نییە؛ ترسە لە بەهێزبوونی ژن و درککردن بە هێزی جەوهەریی ئەوە، دەرخستنی کەزی و نیشاندانی وەکو دەستکەوتێک، ئەگەرچی وەکو نماییشی قارەمانێتییەکیش نیشان بدرێت، لە ڕاستیدا دەرخستنی ئەم ترسەیە.
هەر کە دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا دەرکەوتن، ئەو سەرهەڵدانەی کە لە ئێران بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” سەریهەڵدا، بووە بازنەیەکی تری ئەم بەردەوامییە مێژووییە، لە بەرانبەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، کەزی بووە سیمبولێک؛ سنوورەکانی تێپەڕاند و گەیشتە کیشوەرەکان، لەم پرۆسەیەدا کاتێک پشتیوانیی نەتەوەیی کورد بەهێز بوو، کەزی لە بیری هاوبەشی ژنانی جیهاندا وەکو سیمبولی بەرخۆدان جێی خۆی گرت.
هەر کەزییەکی قژ، چیرۆکی یەکێتی و پشتیوانیی ژن لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، قژ، تەنها بەشێک نییە لە جەستە؛ یادگەیە، ناسنامەیە، بەرخۆدانە، هەر وەک چۆن هەلهەلەکانی ژنانی ئەمازۆن لە ناواخنی ئەفسانەکانەوە گەیشتووە بە ئەمڕۆ، ئەمڕۆش ژنان بە یەک دەنگ دەنگیان بەرزدەکەنەوە و مێژوو جارێکی تر دووبارە دەبێتەوە: ژن خۆی دەپارێزێت.
هەلهەلەکان چیتر تەنها لە جوگرافیایەکدا نا، لە گوێی ژنانی جیهاندا دەنگ دەدەنەوە؛ دەبینرێن، بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و قبووڵدەکرێن.
ئەو نەتەوەبوونەی ژن، کە وەکوو خۆرێک هەڵدێت، تاریکی دادەپۆشێت؛ نەک تەنها ئەو شوێنەی لێیەتی، هەموو جیهان گەرم و ڕووناک دەکاتەوە.
ئەو شەڕانەی کە بە سەپاندنەکانی تورکیا لە حەلەب دەستیان پێ کرد، بۆ کوردان تەنها دابەشبوونێک نەبوو؛ هێرشێکی گەلەکۆمەکی بوو کە دەیویست کورد لە نەخشەی سیاسی بسڕێتەوە و ڕووبەڕووی قڕکردنێکی فیزیکی بکاتەوە، لە بەرانبەر ئەمەدا، گەلی کورد لە هەر چوار بەش، لە هەموو ئەو جێیەی کە کوردێکی لێ هەبوو، دەستی بە بەرخۆدان کرد و بەم شێوەیە ڕۆحی نەتەوەیی هاتە کایەوە، پاڵپشتیکردنی گەلانی دیموکرات، بەرهەڵستکار و بەرخۆدێر نیشانیدا کە ئەم تێکۆشانە تەنها نییە.
تووڕەیی داعش لەو ژنانەی کە لە تێکۆشاندا ڕۆڵێکی چالاکیان هەبوو، قووڵتر بووەەوە، ئەم تووڕەییە، داخوازیی تۆڵەسەندنەوەی زیهنییەتێکی لەناوچوو بوو و ئەشکەنجەدانی جەستەی ژنانی بەرخۆدێر، تەنها کردەوەیەکی شەڕ نەبوو؛ گوزارشت بوو لە ڕقێکی مێژوویی، لە ڕۆژئاوا کە بە شۆڕشی ژن دەناسرێت، ئامانج ئەوە بوو کە ئەو شۆڕشە لەناوبەرن، کە لە کەسایەتیی ژندا بووەتە سیمبولی ئازادی.
لە ڕۆژئاوا ژنان بەجپاراستنی جەوهەری خۆیان ڕێکخراو کرد؛ لە گۆڕەپانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکاندا خۆیان دامەزراند و هیچ زیهنییەتێکی سەردەست و دواکەوتوو نەیتوانی ئەمە قبووڵ بکات و داعشیش کە لە شکستهێنانیدا ئیرادەی ژنی ئازاد ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیبوو، وەکو ئامانجی سەرەکی تۆڵەسەندنەوەکە دەستنیشانی کرد.
دیمەنی ئەو چەتەیەی کە وەک نماییشی سەرکەوتن پارچەیەک لە قژی بڕاوی ژنێکی خستبووە ناو گیرفانی، لە ڕاستیدا ئاشکراکردنی ترسی خۆی بوو، ئەم دیمەنە لە دیجیتاڵ میدیادا بڵاوبووەوە، نەک وەک وێنەی هێز، وەک وێنە شکست.
ژنانی ئەمازۆن چیرۆکێک نین، خاک درۆ ناکات؛ ئەو گۆڕانەی هەڵکەندراون، ڕاستییەکە دەگێڕنەوە. جەستەی ئەو ژنانەی کە بە چەکەکانیانەوە نێژراون، هاوواتای ئەو گێڕانەوانە دەخاتە ڕوو کە وەکوو ئەفسانە هەژمار دەکران، درووست وەکوو لێکردنەوەی قژی ئەو ژنانەی کە ئەمڕۆ پاراستنی جەوهەریی خۆیان دەکەن، ئەم لێکردنەوەیە، ڕێگایەکی ترە بۆ گوتنی؛ “لە پاراستنی جەوهەریدا هیچ جێیەک بۆ تۆ نییە”، خواستی کپکردنی هەلهەلەکانە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکردنەوەی قژ، هەندێک جار گوزارشتە لە شیوەن و سەرهەڵدان دژی کوشتنی خیانەتکارانەی ئازیزێک؛ هەندێک جاریش ناڕەزایەتییەکە دژی نادادپەروەری، بەڵام لە هەمان کاتدا، وەکو ڕێبازێک بۆ سووکایەتیپێکردن، سزادان و ڕەجمکردنی ژنیش بەکارهێنراوە. ئەمڕۆ لێکردنەوەی قژی ژنان، گوزارشتێکی ئاشکرایە لەم زیهنییەتەی کە مافی پاراستنی جەوهەری بۆ ژن بە زیادە دەبینێت، پەیامی “با ببێتە نموونە "عیبرەت"، با چیتر هیچ ژنێک چەک هەڵنەگرێت”ـە.
بەڵام هەر ژنێک کە هۆشیار دەبێتەوە؛ بێ ئەوەی ناسنامە، ئایین و سنوور بناسێت، لە دژی ئەم توندوتیژییە کاردانەوەی خۆی نیشاندەدات، قارەمانی، بە بڕینی کەزییەک بە گورزی مقەست نییە؛ قارەمانی ئەو بەرخۆدانەیە کە لە دڵدا تاڵ بە تاڵ دەهۆنرێتەوە و هێرشکردنە سەر کەزییەکان، نیشانەی شکستە بەرانبەر هێزی ژن.
ئەو نەتەوەبوونەی ژن کە وەکو خۆرێک هەڵدێت، تەنها جوگرافیایەک نا، هەموو جیهان گەرم دەکاتەوە.
هەلهەلەی ئەمازۆنییەکان، ئەمڕۆ بە زمانی جیاواز دەنگدەداتەوە.”