کۆبانێ ٢٢ ڕۆژە گەمارۆ دراوە
گەمارۆدانی کۆبانێ لەلایەن چەتە جیهادییەکانی هەتەشە لە ٢٢هەمین ڕۆژیدایە. بارودۆخی مرۆیی و بارودۆخی ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکانی ئیدارەی کۆبانێ و چەتەکانی هەتەشە بە ئامانجی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٣٠ی کانوونی دووە، هەتەشە ماوەی ٢٢ ڕۆژە گەمارۆی کۆبانێیان داوە.
بارودۆخی مرۆیی کۆبانێ بە هۆی گەمارۆدان تادێت سەختتر دەبێت. دەرمان، شیری منداڵ، خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان کەمیان هەیە و بژێوی ژیانی نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس بە خەڵکی ئاوارەشەوە تادێت قورستر دەبێت.
دوێنێ دەستەی کارەبای کۆبانێ ئەو کێبڵانەی کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتبوو چاککردەوە و خستە خزمەتەوە.
سەرەڕای گەمارۆ قورسەکە، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ئاوارە لە ٧٠ شوێن لە کۆبانێ نیشتەجێ کراون.
گەلی کۆبانێ بەردەوامن لە بەرخۆدان و بە تاکە ڕێگا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەیزانن.