”هێرشکردنە سەر مەزارگەی شەهیدان کارێکی تاوانکارییە کە هێماکانی بەرخۆدان دەکاتە ئامانج”

ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی فورات لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشەکانی سەر پیرۆزی مەزاری شەهیدانی لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە ئیدانە کرد، دەڵێت: ئەم هێرشەکان کردەوەیەکی تاوانکارییە.

کۆبانێ

 

تێکدانی گۆڕی شەهیدان لە ڕەققە ڕووداوێکە کە هەموو شارەکانی ژێر داگیرکاری تورکیا و کۆنترۆڵی هەتەشە شاهیدی پێشێلکاری هاوشێوە بوون، بوونی ئەوان بە شێوەیەکی تایبەت لە وێرانکردنی مەزارگەی شەهیدان و تێکدانی گۆڕەکانەوە دەست پێدەکات، ئەم کارانە لە چەندین بواردا دووبارە بوونەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگرییەکی مرۆیی بۆ ڕاگرتنیان هەبێت.

 

ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی فورات ١٠ی شوبات ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی جیهادییەکانی هەتەشەی کرد لە تێکدانی گۆڕی شەهیدان لە مەزارگەی شەهیدانی شاری ڕەققە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئێمەی ئەنجومەنی خێزانی شەهیدان لە دەڤەری فورات بەوپەڕی ڕێزەوە یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و بە خەم و توڕەیییەکی قووڵەوە هێرشەکانی سەر شوێنە پیرۆزەکان و هێماکانی شکۆمەندیمان لەو ناوچانەی کە هێزەکانمان لێی کشاونەتەوە، ئیدانە دەکەین، مەزارگەی شەهیدان تووشی قێزەونترین کردەوەی تێکدانی سیستماتیکی کراون، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە، لە پیرۆزی شەهیدان و هێرشێکی نەفرەت لێکراوە بۆ سەر بەها مرۆییەکان، کە لە ڕاگەیاندراوەکەدا زیاتر ئەم هێرشە بە کارێکی تاوانکاری پێناسە کراوە و ئامانج لێی لەناوبردنی بەردی گۆڕی ئەو قارەمانانەیە کە گیانیان بەخت کرد لە پێناو ئازادیدا.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەم جۆرە کارانە بۆ هەموو جیهان دەیسەلمێنن کە ئەم گروپانە بە بیرکردنەوەکانیان، تەنانەت لە گۆڕی شەهیدەکانیشمان دەترسن و سەرەتاییترین پێوەرەکانی ڕەوشتیشیان نییە، هەرچەندە هەوڵبدەن، شکست دەهێنن تۆڵە لە میراسی بەرخۆدان بکەنەوە، شکۆمەندی شەهیدەکانمان هێڵی سوورە، هەر بۆیەش بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەرمەزار دەکەین.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی کراوە، ئەرکی خۆیان لە چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لە تاوانباران بەجێبهێنن، هەروەها ئێمە لە ئەنجومەنی خێزانی شەهیدان بەڵێن بە شەهیدەکانمان دەدەین کە وێرانکردنی مەزارگەکانیان تەنها ئیرادەمان بۆ بەرزڕاگرتنی بەهاکانیان بەهێزتر دەکات، یادیان لە دڵماندا بۆ هەتا هەتایە و بە هیچ خیانەت و وێرانکارییەک ناسڕێتەوە، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین، هەروەها سڵاو لە شەهیدەکانمان دەکەین کە مێژوویەکی نوێیان دروستکردووە و لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە، میراسێک کە پاڵەوانەکان بەردەوام دەبن لە نووسینی.

 

شایانی باسە ئەو مەزارگانەی کە لە مەنبەج و ڕەققە و تەبقا وێران کران، مەزارگەی شەڕڤانانی ژن و پیاوی هێزەکانی سووریای دیموکراتیان تێدایە، کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان دەکەن، کە بەشدارییان لە شکستی داعشدا کردووە.