ڕاپۆرتی هەرانا: ڕژێمی ئێران نزیکەی ٥٢ هەزار خۆپیشاندەری دەستبەسەر کردووە

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەرانا، تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئیران نزیکەی ٥٢ هەزار خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٣١ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەرکراوان و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئیران، تا ئێستا، شەش هەزار و ٩٦٤ کەس کوژراون و ٥١ هەزار  و ٧٩٠ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ١١ هەزار و٢٢ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکان شەش هەزار و ٤٧٣ کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لە ناویاندا ٢١٢ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٦٥ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون و کوژراون، جگە لەوەش ١٢٢ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ١١ هەزار و ٥١ کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٣١ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.