زەریفە یەعقوبی ئازاد کرا

زەریفە یەعقوبی، چالاکوانی ژنان لە ئەفغانستان لە زیندانی تاڵیبان ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی کانوونی یەکەم، زەریفە یەعقوبی چالاکوانی ژنان لە ئەفغانستان لە زیندانی تاڵیبان ئازاد کرا، زەریفە لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژن، ڕۆژی٣ی تشرینی دووەم، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا بۆ ڕاگەیاندنی ڕێکخراوێک بەناوی "تەڤگەری ژنانی ئەفغانستان بۆ یەکسانی"، بەڵام لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستگیرکران.

 

فەوزیە کوفی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە ١٢ی کانوونی یەکەم، ئازادبوونی زەریفە یەغقوبی چالاکوانی بواری ژنان و مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان بە پەیامێکی لە تویتەر پشتڕاستکردەوە و وتی: "بەخێرهاتی ئازیز، تێکۆشانی ئێوە و هەڤاڵانتان نمونەیەکە بۆ ئازادیخوازان، ڕێگاکە بەردەوام دەبێت".

 

ئەرکی هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یوناما) پێشوازی لە ئازادکردنی زەریفە یەعقوبی کرد، بەڵام لە تویتەر داوای لە تاڵیبان کرد بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی دیکەی یاوەری زەریفە و وتی: "دەستبەجێ وەڵامی داواکارییە دووبارەکانی ئێمە بدەنەوە بۆ زانیاری سەبارەت بە شوێنی ئەو چالاکوانانەی دیکە کە بەهۆی ئەنجامدانی مافی ئازادی ڕادەربڕین دەستبەسەرکراون".

 

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەم، زەریفە یەعقوبی چالاکوانی مافەکانی ژنان و ژمارەیەک لەچالاکوانانی تری مافەکانی ژنان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان بۆ ڕاگەیاندنی ڕێکخراوێک بەناوی "تەڤگەری ژنانی ئەفغانی بۆ یەکسانی" ئەنجامدا، لە هۆڵێکی ڕۆژئاوای کابول کۆکرانەوە و لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەر کران.

 

دەستگیرکردنی زەریفە یەعقوبی و هاوکارەکانی لەلایەن تاڵیبانەوە، کاردانەوە جیهانییەکانی حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێنا، پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەڵێن تاڵیبان لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا فشار و کۆت و بەندی لەسەر ژنان زیاد دەکات.