هۆڵندا جینۆسایدی ئێزدییەکانی ناساند
پەرلەمانی هۆڵەندا پێشنیازە یاسای بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی پەسەند کرد کە لەلایەن پەرلەمانتارانی یەکێتیی كریستیان دیموکرات پێشنیاز کرابوو.
ناوەندی هەواڵ
پێشنیازە یاسای بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا، لەلایەن پەرلەمانتارانی یەکێتیی كریستیان دیموکرات بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا پێشنیازکرا، دوای دەنگدان لەسەری، لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا و داوای قەرەبووش کرا.
لە پێشنیازە پرۆژەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوریا و لە ڕۆژانی ڕابردوویشدا پەرلەمانی بەلجیکا، ئەو کردەوە دڕندانەیەی چەتەکانی داعشی لەسەر ئێزدی و مەسیحی و کۆمەڵگە ئەتنی و ئاینییەکانی دیکە، بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید وەسف کردووە، پەرلەمانی هۆڵەنداش دەنگ لەسەر پێشنیازەکە بدات.
لەگەڵ ئەوەشدا پەسەند کرا کە لە دادگاییکردنی داعش لە هۆڵەندا، دەنگی قوربانییانی ئێزدیش، ببیسترێت و مافی قەرەبووکردنەوەش بناسێنرێت، هەروەها بۆ هێنانەدی دادپەروەریی و سزادانی ئەو چەتانەی داعش کە لە دەرەوە چوون و تاوانیان ئەنجام داوە، دادگایەك دابمەزرێنرێت.
یەکێک لە خاڵەکانی دیکەش ئەوەبوو کە سندوقی هاوکاریی بۆ پشتگیریی ژنان و منداڵانی ئێزدی کە بوونە قوربانیی چەتەكانی داعش، دابمەزرێنرێت، لەگەڵیشیدا چەند داواخوازییەکی دیکەشی لەخۆدەگرت.
ت.پ