هاواری ژنانی سوەیدا: ئێمە بەرگریکارین نەک دەستدرێژکار
ژنانی شاری سوەیدای سووریا، ئازارەکانیان دەگێڕنەوە، ساتەکانی بەرگری و ترس بۆ خێزان و منداڵەکانیان بەڵگە دەکەن، دووپاتی دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە خاک و ماڵەکانیان.

ڕۆشێل جونيور
سوەیدا-دوای هەفتەیەک لە هێرش و وێرانکاریی سەخت کە هاوڵاتیانی مەدەنی بێ بەرگری کردە ئامانج، ئاگربەست لە شاری سوەیدای سووریا ڕاگەیەندرا، بەڵام هەر زوو ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن ئاسایشی گشتییەوە پێشێل کرا، گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئاسایشی گشتی و پەیوەندیدار بە وەزارەتی بەرگرییەوە کە لە نزیک گوندی هەیات لە سوەیدا جێگیر بوون، بە بەکارهێنانی چەکی قورس و مامناوەند هێرشێکی لەناکاویان لە دژی کوتلە ناوخۆییەکان دەستپێکرد کە سنوورەکانیان لە کێڵگەکان دەپارێزن.
ئەم هەڵکشانە وای لە کوتلە خۆجێییەکان کرد کە لەلایەن هێزەکانی گوندەکانی دراوسێوە پاڵپشتی بکرێن، پاش کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک چەکدار کشانەوە، ماوەی دوو ڕۆژە گوندی هەیات شاهیدی قەڵای بەرفراوان و ئاگادارکردنەوەی گشتی بووە لە پێشبینی هەر پێشێلکارییەکی دیکەی ئاگربەست.
لە ساتێکی ئازار و خۆڕاگریدا، ژنانی گوندی جرین لە گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری سوەیدا، شایەتحاڵی جووڵاویان سەبارەت بەو هێرشە گێڕایەوە کە ئەوانی گۆڕی بۆ ڕزگارکەر و شەڕکەر، ئەم دیمەنە گوزارشت لە گەورەیی کارەساتەکە دەکات و هێزی ناو دڵیان بەرجەستە دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی گروپەکانی پاراستن و فریاگوزاری.
لەنێوان ئاگری بۆردوومان و ئەرکی خۆڕاگری
غەنوە ئەبو حەسون، هاوڵاتی گوندی جرین، وردەکارییەکانی ئەو هێرشەی گێڕایەوە کە ژیانی خۆی و خێزانەکەی پێچەوانە کردەوە، وتی: لەکاتێکدا من و دایکە بەساڵاچووەکەم لە ماڵەکەمان دانیشتبووین، لەناکاو شەڕەکە سەریهەڵدا و لە سێ ئاراستەوە فیشەک ڕژا، ئێمە درکمان بەوە کرد کە مەترسییەکە نزیکە، بەتایبەتی بەو ڕێنماییانەی لە بەرپرسانی گوندەکەوە پێمان گەیشتووە،کە وتیان: فیشەکێک بە فیشەکێک بناسە، تەقەمەنیەکانت بپارێزن، هیچ بژاردەیەکمان نەبوو جگە لە پەناگە، دایکممان ڕاکێشا بۆ سەلامەتترین شوێنی ناو ماڵەکە، خوشکەکەم کە لە دەرەوە بوو، بە ڕێگایەکی قورسدا بەناو باخەکانی میوەدا بە خزاندن گەڕایەوە، نەماندەتوانی لە شوێنێک کۆببینەوە، بۆیە من و خوشکەکەم لە پەرتووکخانەیەکی بچووک دانیشتین، لەکاتێکدا دایکم بە تەنیا لە ژوورێکی دیکەدا مابووەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای فیشەک و گوللـە هاوەنەکان، بڕیاریاندا ئەرکەکان دابەشبکەن وتی: خوشکەکەم ڕۆیشت بۆ ڕزگارکردنی خاڵە بەساڵاچووەکەم، منیش لەدوای خۆی مابوومەوە بۆ ئەوەی یارمەتی دایکم بدەم، داوای لێکردم ڕابکەم و خۆم ڕزگاربکەم، چونکە نەیدەتوانی بەپێ بڕوات، بەڵام من ڕەتمکردەوە وازی لێبهێنم.
غەنوە ئەبو حەسون پێشێلکارییەکانی دژی ژنان و منداڵانی دۆکیۆمێنت کردووە کە شایەتحاڵی بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە شەڕەکە لەنێوان دوو لایەنی ناکۆکیدا نەبووە، بەڵکو لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەک بووە، سوپا شەڕی سوپایەک ناکات، شەڕی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات.
لەگەڵ پەرەسەندنی مەترسییەکە، لەگەڵ ١٩ ژن و منداڵی دیکەدا ڕوویان لە ماڵێکی بێلایەن کرد و پاشان بۆ گوندی عەریقە و لەوێشەوە بۆ سوەیدا، لە گەشتێکی مانەوەدا کە پڕ بوو لە ترس و هیوا.
غەنوە ئەبو حەسون داوای بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکارییانە دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێمە بەرگریکارین نەک دەستدرێژکار، ئێمە لەناو خاک و ماڵەکانی خۆماندا کوژراوین و پێشێلکاریمان بەرامبەر کراوە.
"ئاگرەکانی تیرۆر کەسی نەپاراست"
لە دیمەنێکی دڵتەزێندا، حەنان ئەبو حەسون ساتەکانی ئەو هێرشە دەگێڕێتەوە کە گوندەکەی گرتەوە، لەکاتێکدا گەنجەکانی لەسەر هێڵی پێشەوە وەستابوون، سەرەڕای دڕندەیی بۆردوومانەکە ئازایانە شەڕیان دەکرد، وتی: ئێمە تەنها بەو جلوبەرگانەی کە لەبەرماندا بوو ماڵەکانمان جێهێشت، ڕووبەڕووی کارەساتێکی سەختی مرۆیی بووینەوە، بەبێ خواردن و دەرمان و شوێنی حەوانەوە، ژن و منداڵان هەوڵیاندا هەڵبێن، بەڵام ئەوانەی نەیانتوانی کوژران.
حەنان ئەبو حەسون لە ساتی تەقینەوەکەدا لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی بوو، گەڕانەوەی ترسناکەکەی دەگێڕێتەوە، لە باخچەیەکەوە بۆ باخچەیەکی تر دەخزام، دڵەڕاوکێ و ترسی بۆ چارەنووسی خێزانەکەی زاڵ بووە، بە ئازارەوە وتی: ژنێکی گوندەکەم هەیە کە هێشتا ڕفێنراوە، دڵم بۆ هەر کەسێکی ونبوو ئازاری هەیە، هیوادارم هەمووان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە.
هاوارێکی بێدەنگی گوندی ڕۆژئاوا
لە دڵی گوندی ڕۆژئاوادا، سەمیە ئەبو حەسون، بەساڵاچوو ئەو ساتانەی تۆپباران دەگێڕێتەوە کە ئارامیی گوندەکەی پارچە کرد، بە تەپوتۆزی ئاگردا ماڵەکەی بەجێهێشت، نەیتوانی ڕابکات و بەدوای پەناگەدا بگەڕێت، وتی: داوام لە کچەکانم کرد ڕابکەن و بە تەنیا جێم بهێڵن، لە ترسی ڕفاندنیان، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە و پێیان وتم ئێمە لە ژیاندا دەمێنینەوە و دەژین.
چەکدارەکان لە تۆپباران نەوەستاون؛ هەروەها شوێنەکانی پەرستشیان تاڵان و سووتاندن، ماڵەکان لە دزی و وێرانکاری ڕزگاریان نەبوو، تەنانەت بۆری ئاو و وایەری کارەباش تاڵان کرا و گوندەکە بێ گیان و بێ پێداویستی سەرەتایی مایەوە، چۆن دەتوانین لە گوندەکەمان بێ ئاو و کارەبا بژین؟
سەمیە ئەبو حەسون بە پەشیمانیەوە پرسیار دەکات، ئێمە هێرشمان نەکردە سەر کەس؛ ئەوان هێرشیان کردە سەر ئێمە، ئەو هیواخوازە کۆتایی بە توندوتیژی و گەڕانەوەی ڕفێنراوەکان بێت.