ڕۆهات خەلیل: دەستەی ژنانی جزیرە بە فەرمی ئەنتیگراسیۆنی لیژنەی خێزان و دانیشتووان بووە
ڕۆهات خەلیل، سەرۆکی دەستەی ژنانی کانتۆنی جزیرە ڕایگەیاند، کە دەستەی ژنانی جزیرە بە فەرمی ئەنتیگراسیۆنی دەستەی خێزان و دانیشتووانی حکومەتی کاتی سووریا بووە و ڕایگەیاند کە دەستەی ژنانی جزیرە درێژە بە کارەکانی دەدات.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە – دەستەی ژنانی هەرێمی جزیرە لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا بە ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتیک دامەزرا، ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی دەستەکە، پاراستنی مافەکانی ژنان، تێکۆشان دژی توندوتیژی، پێشخستنی ڕۆڵی ژنان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و یاسادا بوو.
لە چوارچێوەی پەیمانی ٢٩ی کانوونی دووەمدا دەستەی ژنانی جزیرە بە سیستەمی دەستەی خێزان و دانیشتووانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە ئەنتیگراسیۆن کرا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پەیمانی ٢٩ی کانوونی دووەمدا کە پەیوەندیدارە بە تێکەڵکردنی دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی کاتییەوە، لە ١٤ و ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٦دا لە نێوان دەستەی ژنانی جزیرە و دەستەی خێزان و دانیشتووانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی کاتیی سووریادا زنجیرە کۆبوونەوە بەڕێوە چوون، دوای کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو لایەن ڕاگەیاندرا، کە دەستەی ژنانی جزیرە لەگەڵ سیستەمی دەستەی خێزان و دانیشتوواندا ئەنتیگراسیۆن کراوە.
پەیامنێرەکەمان بۆ ئەوەی سەرنج ڕابکێشێتە سەر ئەم بابەتە و بەتایبەتیش پەیوەندیدار بە پەرەسەندنی ئەنتیگراسیۆنی دەستەی ژنان لەگەڵ دەستەی خێزان و دانیشتووانی حکومەتی کاتیی سووریادا، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ڕۆهات خەلیل، سەرۆکی دەستەی ژنانی کانتۆنی جزیرە ئەنجام دا.
ئامانجی ئەنتیگراسیۆنی دەستەی ژنان لەگەڵ دەستەی خێزان و دانیشتوواندا چییە؟ هەروەها دوای ئەم پرۆسەیە لە کارەکانی دەستەکەدا چ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات؟ ئایا تەنها پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنەکە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان بەسە؟
بۆ جێبەجێکردنی پەیمانی ٢٩ی کانوونی دووەم کە لە نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتییدا واژۆ کرا؛ پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن دەست پێ کرد، هەموو دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری پرۆسەیەدا جێگی دەگرن، لەبەر ئەوە نووسینگە و ناوەندەکانی دەستەی ژنانی جزیرە کارەکانی خۆیان بەردەوام دەبەن بەڕێوە.
هەروەها هیچ دەزگایەک یان پرۆژەیەک ڕاناوەستێت، بەڵام لە ناو سیستەمێکی کارگێڕیدا هەندێک گۆڕانکاری لە نێو دەبرێن، لەبەر ئەوەی لە ناو هیچ سیستەمێکی دەوڵەتدا، لە سیستەمی حکومەتی کاتیشدا دەستەیەکی تایبەتی ژنان بوونی نییە و لە جیاتی ئەوە دەستەی خێزان و دانیشتووان هەیە، هەندێک دەزگا و ئۆفیس بەپێی سیستەمی نوێ بەم دەستەیەوە دەبەسترێنەوە.
دەستەی ژنان کە بە ساڵانە کار و خەبات بەڕێوە دەبات، بەتایبەت لەسەر پاراستن و پێشخستنی ژنان، پشتگیریکردنیان لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی و ئابووریدا، هەروەها بە بەدواداچوونی دۆخی ژنان لە ناو دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەریدا کارەکانی خۆی دەکرد لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆفیسەکانی سەر بە دەستەکەش کارەکانیان دەکرد، لە دەستەی خێزان و دانیشتوواندا بابەتی ژنان بەشێکە لە کارەکەی و ئێمەش بۆ ئەوەی لەم بابەتانەدا پاشەکشە ڕوو نەدات لە کارەکانمان بەردەوام دەبین.
بۆ ئەوەی ئێمە مافەکانی ژنان بپارێزین، پێویستی بە بەردەوامبوونی ڕێکخستنبوونی ژنان لە هەموو پارێزگاکانی سووریادا هەیە، هەروەها دەبێت ئەو یاسایانەی کە لە کاتی شۆڕشدا سەپێنراون و ئامادە کراون، کە یاسای خێزانیشی تێدایە، بپارێزرێن. پاراستنی ئەم دەستکەوتانەش تەنها بە بەردەوامبوونی تێکۆشان دەکرێت.
ئێوە سەبارەت بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتیی ژنان چی دەڵێن؟ پرۆژەکانی ژنان چین و ناوەندەکانی پاراستن دوای ئەم پرۆسەیە چۆن لە کارەکانیان بەردەوام دەبن؟ ئەو ئەندامانەی کە لە دەستەکەدا کار و خەباتیان بەڕێوە دەبرد چۆن ئەنتیگراسیۆن کران؟
سیستەمی هاوسەرۆکایەتی یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها شوێنی ژنانی لە میکانیزمەکانی بڕاردانیدا بەهێز کرد، بۆ ئەمەش حکومەتی کاتی ئەم سیستەمە قەبووڵ ناکات، بەڵام ئێمە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا کار دەکەین و هەوڵ دەدەین بەشداریی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردانیدا هەنگاو بە هەنگاو لە سەرانسەری سووریادا بەهێز بکرێت، ڕاستە، تەواوی پرۆژەکانمان بەردەوامن، دوو پرۆژە پەیوەندیدارن بە دەستەی ژنانەوە، هەروەها سێ ناوەندی پاراستنی ژنان هەن کە خزمەتگوزارییەکانی پاراستن، پەروەردە و ڕێکخستنبوون پێشکەش دەکەن، لە شێوازی کارکردنی ئەم ناوەندانەدا هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نادات.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە، پێش پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن، ٣٩٠ ئەندامی ژن بەشدارییان لە دەستەی ژنانی جزیرەدا کرد، دوای ئەنتیگراسیۆن لەگەڵ دەستەی خێزان و دانیشتوانی دیمەشق، هەموو ئەندامەکانمانیش بەشداری لە کارەکەدا دەکەن، بەڵام هەندێک لە ئەندامان بە دەستەی جیاوازەوە دەبەسترێنەوە.
پێمان خۆشە باسی میکانیزمی کار و چالاکییەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنەوە بکەن، ڕووبەڕووی چ کێشەیەک بوویتەوە؟ هەروەها ئامانجەکانتان بۆ داهاتووی ژنان چین؟
تا ئێستا دوو کۆبوونەوە ئەنجام دراوە و تووشی هیچ ئاستەنگییەک نەبووین. لە ئێستادا کار لەسەر لایەنی کارگێڕی و یاسایی بەردەوامە و دەستەکو پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ئەو ئەندامانەی کە لە دەستەکەدا کاردەکەن بەپێی سیستمی نوێ.
هەروەها هەندێک بابەتی بنەڕەتی هەن کە تەنها بە ئەنتیگراسیۆنی دەستەی ژنان لەگەڵ دەستەی خێزان و دانیشتوواندا چارەسەر نابێ، وەک سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، یاسای خێزان، پاراستنی ڕێژەی ٥٠٪ی نوێنەرایەتیی ژنان لە شوێنەکانی بڕیاردانیدا و بابەتەکانی تری مافەکانی ژنان، بۆ ئەوەی ئەم خاڵەش ڕوون بکرێتەوە، لە نێوان سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی کاتیدا جیاوازییەکی گەورە هەیە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا ژنان لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵێکی پێشەنگانەیان گێڕا، بەداخەوە هەتا ئێستا نوێنەرایەتیی ژنان لە ناو سیستەمی نوێی سووریادا کە بە حکومەتی کاتی دەناسرێت، زۆر کەمە، لە ناو ٢٢ وەزارەتدا تەنها یەک وەزیری ژن هەیە، لەبەر ئەوە، پاراستنی ئەم دەستکەوتانە بە ڕێکخستنبوون و تێکۆشانی ژنانەوە بەستراوە.
پەیامی کۆتایی ئێوە بۆ ژنان چییە؟
بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەم کە یەکێتیی خۆیان بپارێزن، ڕێکخستنبوونی خۆیان بەهێز بکەن و باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە ساڵانی شۆڕشدا بەدەست هاتوون بەرپرسیارێتیی هەموومانە.