فەریدە شنگالی: ١٢ ساڵە برینەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی ساڕێژ نەبوون

بە نزیکبوونەوەی ١٢ەمین ساڵڕۆژی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە پێشەنگیی تاژێ لە شنگال چالاکیی جیاواز بەڕێوە دەچن، فەریدە شنگالی لە کۆردیناسیۆنی تاژێ باس لە چالاکییەکان کرد دەڵێت: ژنانی ئێزدی ناهێڵن فەرمان لەبیر بکرێت.

شنگال

 

کۆمەڵگەی ئێزدی لە ١٢ەمین ساڵڕۆژی فەرمانی ٧٤ەمین ماوەیەکە لە شنگال لە چالاکییدایە، بە پێشەنگیی تاژێ لە گەلێک گوند سیمینار بەڕێوە دەچن، لە ناوەندی شنگال، بازاڕی کۆن "سوقا کەڤن" چادر هەڵدراوەو سەردانی گۆڕستانە کۆمەڵییەکان دەکرێت، لە بارەی فەرمانی ٧٤ەمین، بەرخۆدانی نواندراو و دەستکەوتەکانی لە ماوەی ئەم ١٢ ساڵەدا، فەریدە شنگالی، لە کوردیناسیۆنی تاژێ بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

”پەکەکە نەیهێشت ئامانج و ئیرادەی داعش بێتەدی”

فەریدە شنگالی ئاماژەی بەوەشکرد، شەهیدانی فەرمانی ٧٤ەمین، شەهیدانی شۆڕشی بەبیر هێناوە و وتی: ئەو شەهیدانەی گیانیان بۆ شنگال بەختکردەووە، هەموویان بە ڕێزەوە بەبیر دێنمەوە و سەری ڕێز دەنوێنم، هەموو جیهان دەزانێت فەرمانێکی چۆن هاتە سەر ئێزدییەکان، بەڵام کەس دەنگی نەکرد، ئەمساڵ ١٢ەمین ساڵڕۆژی فەرمانەکەیە، ئامانج و ئیرادەی داعش ئەوە بوو شنگال داگیر بکات، لەوانەیە داعش خۆی وەک بزووتنەوەیەکی ئیسلامی ناساندبێت، بەڵام ئامانج و مەرامەکانی جیاواز بوون، کە هێزێکە لەلایەن تورکیا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە هەژموونخوازەکانەوە دروست کراوە.

 

ئامانج ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێکبهێنن، پەکەکە نەیهێشت ئامانج و ویستەکانیان بێنەدی، هەپەگە و یەژا-ستار، یەپەگە-یەپەژە ڕوویان کردە چیای شنگال و هەزاران ئێزدییان لە مردن و گرتن ڕزگار کرد، هەروەها سەدان شەهیدیان بەخشی.

 

”هەم حکومەتی عێراق و هەم پەدەکە خەیانەتیان لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد”

فەریدە شنگالی باسی لە فەرمانی ٧٤ەمین و هەڵوێستی هێزەکانی پاراستنی شنگال کرد و وتی: لە شنگال بە گشتی ١٢ هەزار پێشمەرگە هەبوون، بەڵام ڕۆژی فەرمانەکە هەموویان پێش هەموو کەسێک ڕایانکرد و شنگالیان ڕادەستی داعش کرد، پێش فەرمانەکە، پەدەکە چەکە تاکەکەسییەکانی خەڵکی هەمووی کۆکردەوە و وتی ئێمە ئێوە دەپارێزین، کۆمەڵگەی ئێزدی باوەڕیان پێکردن، هەم حکومەتی عێراق و هەم پەدەکە خەیانەتیان لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد. دیارە، هەزاران منداڵانی کچ و ژنی ئێمە کەوتنە دەست داعش، هەزاران مرۆڤ کوژران، هەزاران کەس بێسەروشوێنن، چارەنووسیان نادیارە، ئامانج و ئیرادەیا  ئەوە بوو ئێزدیەکان بنبڕ بکەن، بەڵام بە پشت بەستن بە هزرو فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان پلانەکانیان هەڵوەشانەوە.

 

”ژنانی ئێزدی خۆیان لە خۆڵەمێشی خۆیانەوە دووبارە دروستکردەوە”

فەریدە شنگالی ڕوونیکردەوە، کە ئامانج و ئیرادەی داعش لە کەسایەتیی ژنانی ئێزدییدا لەناوبردنی کۆمەڵگە بوو، وتی: ئاشکرایە کە هەزاران ژن لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە و زۆرێکیان کوژران، تەنانەت دەستدرێژییان کردە سەر منداڵانی تەمەن ٥ ساڵیش، هیچ شتێک نەما ژنان و منداڵانی ئێزدی نەیبینن و ئەزموونی نەکەن، دوای ناسینی هزرو فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ئێمەی ژنانی ئێزدی خۆمان لە خۆڵەمێشی خۆمانەوە دووبارە دروستکردەوە و بەرخۆدانێکی گەورەمان نواند، کە ئامانجی داعش ئەوە بوو لە کەسایەتیی ژناندا ئێزدیبوون لەناو ببات.

 

بیریان لەوە نەکردبووەوە کە ژنانی ئێزدی بەهۆی هزری ڕێبەر ئۆجالانەوە بەرخۆدان و تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوە دەبەن، هەر لە کاتی فەرمانەکەدا ژنانی ئێزدی بۆ پاراستنی خۆیان هەم لە ڕووی هزر و هەم لە ڕووی سەربازییەوە خۆیان ڕێکخست، ئەو دەمانە کاتژمێری زۆر سەخت بوون، شنگال چۆڵ ببوو، هەزاران کەس لە چیاکەی شنگال ماونەوە، ئەوانەی مانەوە خۆیان ڕێکخست، لەبەر ئەوەی هێرشێکی گەورە هەبوو، ژنانی ئێزدی چەکیان هەڵگرت و شەڕیان کرد، کە ئەوەش لە خۆیدا شۆڕش بوو، لەبەر ئەوەی کەس باوەڕی نەدەکرد ڕۆژێک ژنانی ئێزدی چەک هەڵگرن و ڕوو بکەنە ناو شەڕەوە، لەم ١٢ ساڵەدا گەلێک دەستکەوت بەدەست هاتن، لەمەش گرنگتر ئەوە بوو ژنانی ئێزدی ڕێکخراوەکانی خۆیان دامەزراند، ئەگەر لەبەر هێزەکانمان نەبوایە، کەس نەیدەتوانی لە شنگال بەو شێوەیە بە ئارامی بژی، دیسانەوە بە ناوی تاژێ ژنانی ئێزدی لە هەر گوند و شارێک خۆیان پەروەردە کرد، بە هەموو شێوەیەک خۆیان ڕێکخست.

 

”بۆ ئەوەی ئەم فەرمان و بەرخۆدانە لەبیر نەکرێت لە بازاڕی کۆن چادرمان هەڵدا”

فەریدە شنگالی باسی لەوە کرد، کە بە نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی فەرمانی ٧٤ەمین ئەوان وەک تاژێ زنجیرە چالاکییان ئەنجام داوە و وتی: بە نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی فەرمانەکە وەک تاژێ و ئەنجومەنی گەل لە بازاڕی کۆن (سوقا کەڤن) کە بۆ ئێمەی ئێزدی شوێنێکی مێژووییە، چادرمان هەڵدا، بازاڕی کۆن، بۆ ئێمەی ئێزدی زۆر گرنگە، هەم شوێنێکی مێژوویی ئێزدییەکانە، هەم لە فەرمانەکەدا ئەو شوێنەیە کە زۆرترین بەرخۆدان تیایدا گەشەی کرد، بۆ ئازادکردنی شنگال لەم بازاڕەدا ١١ مانگ شەڕ و بەرخۆدانێکی زۆر گەورە بەڕێوە چوو، زۆر هاوڕێ لێرە شەهید بوون، لەبەر ئەوەشە ئەم دوو ساڵەیە نزیکەی مێژووی فەرمانەکە، لێرە چادر هەڵدەدەین بۆ ئەوەی ئەم فەرمان و بەرخۆدانە لەبیر نەکرێت، هەموو ڕۆژێک گەل سەردانی لێرە دەکات، بەتایبەتی ژنان گرنگییەکی گەورە دەدەن، ئەوانەی دێن، لێرە وێنەی شەهیدەکانیان هەڵدەواسن، چرپە هەڵدەکەن و بۆ شەهیدانی فەرمان خێر بڵاو دەکەنەوە، بەم شێوەیە شەهیدانی فەرمان بەبیر دەهێننەوە.

 

”هێشتا فەرمانەکانی دژی ئێمەی ئێزدی کۆتایی نەهاتووە”

لە قسەکانیدا فەریدە شنگالی باسی لەو هەڵمەتە کرد، کە پێشتر تاژێ بۆ کەسانی ڕفێنراو دەستی پێکردبوو و وتی: مانگی ئاب بۆ ئێمە مانگێکی ڕەشە، وەک ژنانی ئێزدی هێشتا هێرش لەسەر ئێمە بەردەوامە، ئەم ١٢ ساڵە برینەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی کەمی نەکردووە، هەتا ئێمە مافە ڕەواکانی خۆمان بەدەست نەهێنین، ئەم برینانەی ئێمە هەرگیز ساڕێژنابن، سەرەڕای ئەوەی ١٢ ساڵ تێپەڕیوە عێراق هێشتا فەرمانەکەی نەکردووە بە فەرمی، فەرمانی سەر ئێمەی وەک شتێکی ئاسایی دەبینێت، هەربۆیەش هەتا ئێستا هیچ شتێکی بۆ شنگال نەکردووە، دەیانەوێت کۆمەڵگەی ئێزدی بێدەنگ بکەن، بەڵام بە تێکۆشانی ژنانی ئێزدی ئەمە هەرگیز قبوڵ ناکرێت، چەسپاو بە کومپینی تاژێ کە بە دروشمی "بۆ دادپەروەری و ئازادی… تۆش دەنگی کەسانی ڕفێنراوی فەرمان بە" دەستپێکردووە، ئێمە زنجیرە چالاکیی زورمان ئەنجام دا، بە بۆنەی ١٢ەمین ساڵڕۆژی فەرمانەکە خێراییمان بە چالاکییەکانمان کرد، لەم پرۆسەیەدا ویستمان بگەیەنە سەر ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ڕفێنراو، سەردانی ماڵەکانیانمان کردن، دیارە هێشتا هەزاران ژن و دایکی ئێمە لە دەست داعشدا ماونەتەوە، ئێمە دەمانەوێت لە بارەی ئەو ژنانەوە زانیاری کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەوان ئازاد بکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، فەریدە شنگالی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی پەیامی یەکێتیی نارد و وتی: بۆ ئەوەی جارێکی تر لەسەر ئێمە فەرمانێک ڕوودەنەداتەوە، پێویستە ئێمە خۆمان ڕێکبخەین، ئێستا عێراق دەیهەوێت هەندێک  شت لەسەر ئێمە بسەپێنێت، پێویستە ئێمە هۆشیار بین و لە ناو خۆماندا یەکێتیی دامەزرێنین.