هەشت ژن مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

فشارەکانی ئێران بۆ سەر زیندانییانی سیاسی بەردەوامن و مەترسیی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هەشت ژنی زیندانیی سیاسی هاتووەتە ئاراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دیدەبان سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هەشت ژنی زیندانیی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هۆشدارییەکی بڵاوکردەوەو بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر هەشت ژنە زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی؛ پەخشان عەزیزی، زهرا شەهباز تەبەری، نەسیمە ئیسلام زەهی، مریەم خوداوەند، ئەرخەوان فەلاحی و مەهناز چاردۆلی هەیە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە وریشە مورادی و بیتا هیمەتی، کە دوو زیندانیی سیاسین و پێشتر سزای لەسێدارەدانەکەیان لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێنرابووەوە، دیسانەوە کەوتوونەتەوە ژێر مەترسیی هەمان سزا.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم هەشت زیندانییە لە زیندانی ئەڤین و زیندانی ناوەندیی ڕەشت دەستبەسەرکراون. ئەم ژنانە بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنیی وەک "بەغی" (ڕاپەڕینی چەکداری)، "موحارەبە" (شەڕی دژی خودا) و تۆمەتەکانی پەیوەست بە خۆپیشاندان و چالاکییە سیاسییەکان، ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە. هەروەها سێ کەس لەم زیندانییانە، لەنێو ئەو کەسانەدان کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی دواییەوە دەستگیرکراون.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو ژنانە، پێشێلکاریی بەرچاو تۆمارکراون؛ وەک بێبەشبوون لە مافی پارێزەری سەربەخۆ، نادیاریی پرۆسەی دادگاییکردن و ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی دانپێدانان.