فەیلەسوفێکی ئیتاڵی: بانگەوازی ئۆجالان و بڕیاری پەکەکە بوێرییەکی سیاسییە
دۆناتێلا دی سێزار، فەیلەسووفی ئیتاڵی لە پەیاممێکیدا بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی وتی: بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان و پرۆسەی ئاشتی دەکەم، ئەم بڕیارە ئەستەمە کە نیشانەی بوێریی سیاسییە، خۆڕادەستکردن نییە بەڵکو بانگهێشتە بۆ دیالۆگ.
ناوەندی هەواڵ
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە بە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، لە ڕۆژەڤی ڕای گشتیی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دوای زۆرێک لە ڕۆشنبیر، نووسەر، فەیلەسووف و کۆمەڵناسی بەناوبانگی جیهان، فەیلەسووفی ئیتاڵی دۆناتێلا دی ئیستەر دی سێزار پەیامێکی پشتیوانی بۆ پرۆسەکە نارد.
دۆناتێلا دی سێزار لە پەیامەکەیدا کە بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیای ناردووە وتوویەتی: من چەندین ساڵ لە نزیکەوە بەدواداچوونم بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کردووە کە کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد دەبێت. هەروەها پێموابووە کە گەلی کورد ماوەیەکی زۆر بێبەش بووە لە دەرفەتی ئەوەی کە بە ئازادی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و من پشتیوانیم لە دۆزی گەلی کورد کردووە. ئەمڕۆ، من بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان و ئەو بڕیارە مێژووییە دەکەم کە پەکەکە دوای تێکۆشانی دەیان ساڵە، بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆیدا داویەتی. ئەم بڕیارە زەحمەتە و نیشانەی بوێرییە.
خواستی گەلان، ژیانی ئاشتییانەیە
چەکدانان، بە مانای خۆڕادەستکردن نایەت بە لایەنی بەرانبەر. بە پێچەوانەوە، بە مانای بانگهێشتکردنی لایەنی بەرانبەر دێت، بۆ ئەوەی ئەویش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت. من لایەنگرێکی ئاشتیم و باوەڕم وایە کە بژاردەی ئاشتی هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ گەلی تورک، بەسوودە. من دەزانم کە بەشی زۆری هەردوولا خوازیاری کۆتاییهاتنی شەڕ و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێن لەسەر بنەمای دیالۆگ.
لە سەردەمێکدا کە ئاڵۆزیی سەربازی لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان زیاددەکات، هیوادارم ئەم پرۆسەیە بۆ ئەورووپاش ببێتە نموونە. چونکە وەک دیارە، لە ئەورووپا هاندان بۆ پێکەوەژیانی گەلان و ئاشتی وردە وردە ئەرکی خۆی لەدەستدەدات. باوەڕم وایە کە بەبێ دەوڵەتان و ئەو شەڕانەی دەبن بە هۆکاری، خواستی گەلان بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بە تایبەتی چین و توێژە هەرە هەستیارەکان، ژنان و نەوەی گەنج لە هەموو شوێنێکی جیهان زیاتر ئاشکرا دەبێت. لە دڵەوە هیوای سەرکەوتن بۆ پرۆسەکە دەخوازم.