لە سووریا بوونی ژنان لە شوینە گشتییەکان سنووردار دەکرێت

لە سووریا بوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکان سنووردار دەکرێت و عایشە شەعبان، چالاکوانی مافی مرۆڤ دەڵێت: بڕیارەکە تەنها نوێنەرایەتی هەڵاواردنی یاسایی ناکات، بەڵکو پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ژنان کە بوونیان مەرجدارە.

راما خەلەف

 

دیمەشق - لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی فەرمی بەڵێنی زیاتری گەشتیاری و کراوەیی مەدەنی دەدەن، ژنان لە سووریا سەریان سوڕدەمێنێت بەهۆی ئەو بڕیارانەی کە بوونیان لە شوێنی گشتیدا سنووردار دەکەن، دەیانخەنە ژێر ستانداردی ڕێکخراوەیی کە بەسەر کەسانی دیکەدا نەسەپێنراون.

 

ئەو بڕیارەی ئەم دواییەی وەزارەتی گەشتوگوزار لە حکومەتی کاتی سووریا سەبارەت بە پۆشینی جلوبەرگ لە سەیرانگاکان و حەوزە گشتیەکان دەریکرد، پرسیارێکی کۆن و دووبارەبووەوەی هێنایەوە پێشەوە: کێ مافی ئەوەی هەیە شێوازی دەرکەوتنی ژنان لە شوێنی گشتیدا دیاری بکات؟ ئایا هێشتا ژن وەک توخمێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە لە ڕووی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە لەخۆبگرێت، لەکاتێکدا پیاوان ئازادیی جووڵە و دەرکەوتنیان پێدەدرێت بەبێ لێپرسینەوە؟

 

عایشە شەعبان، چالاکوانی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکە تەنها نوێنەرایەتی هەڵاواردنی یاسایی ناکات، بەڵکو پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ژنان کە بوونیان مەرجدارە، هەروەها خۆدەربڕینیان چاودێریان و سنووردارە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە نوێیەی وەزیری گەشتوگوزار سەبارەت بە پۆشینی جلوبەرگ لە سەیرانگاکان و حەوزە گشتیەکان، شۆککەر و قبوڵکراو نییە، بۆچی بەردەوام ژنان زیاتر لە پیاوان دەخرێنە ژێر چاودێری و سنووردارکردنی زیاتر؟ کاتێک ژنان پێویستە جل و بەرگی بورکینی یان تەواوی جەستەیان لەبەر بکەن، لەکاتێکدا پیاوان تەنها بۆیان هەیە لە دەرەوەی ئاو کراسێک لەبەر بکەن، ئەمە نادادپەروەرییەکی ئاشکرایە و جیاکارییەکی ئاشکرایە لەنێوان ڕەگەزەکاندا.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە سووریا وڵاتێکە بۆ هەمووان نەک تەنها لە یەک گروپ یان تەڤگەریەکی تایبەتدا، وتی: کەسانێک هەن لەبەر قەناعەت بورکینی لەبەر دەکەن، هەندێکیش هەن پێیان باشە جلی مەلەوانی ئاسایی لەبەر بکەن، پێویستە هەموویان مافی هەڵبژاردنیان هەبێت، بە مەرجێک ڕێز لە کەسانی دیکە بگرن و کەس توڕە نەکەن، جل و بەرگ ئازادییەکی کەسییە، نەک شتێک کە دەوڵەت بیسەپێنێت، بەتایبەتی کاتێک باس لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکەین کە بڕیارە بۆ هەمووان کراوە و ئاسوودە بن.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەو بڕیارە لە بنەڕەتدا، پەیامێک بۆ ژنان دەنێرێت کە "بوونی تۆ بە شێوەیەکی دیاریکراو مەرجدارە"، ئەمەش وا لە زۆرێک لە ژنان دەکات هەست بەوە بکەن کە پێشوازییان لێ ناکرێت، یان جەستەیان پرسێکە کە دەبێت بشاردرێتەوە، ئەو پرسیاری ئەوەی لێدەکرد بۆچی لەبری سەپاندن و قەدەغەکردن، گرنگی بە هۆشیاری و ڕێزگرتنی یەکتر نادرێت؟ بۆچی هەمیشە ژنان باجی بەناو ڕەوشتی گشتی دەدەن لەسەر حیسابی ئاسوودەیی و مافی دەربڕینی خۆیان؟

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەمانەوێت سووریا وڵاتێکی نیشتمانی بێت بۆ هەمووان، بە هەموو سپێکترۆم و هەمەچەشنییەکەیەوە، نەک وڵاتێک کە بەناوی نەریتەوە کۆنترۆڵکراین، ئەوەی کە ڕێزگرتن لە نەریت بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئازادی هەڵبژاردن نییە، هەرکەسێک بیەوێت جلوبەرگی مۆدێست لەبەر بکات، ئازادە، هەرکەسێک بیەوێت جل و بەرگی ئازادانە لەبەر بکات، بەهەمان شێوە ئازادە، بە مەرجێک ڕێز بۆ شوێنەکە و هاولاتیان هەبێت، ئێمە نامانەوێت سانسۆر لە جەستەماندا بکرێت؛ بەڵکو ئازادی و دادپەروەری ڕاستەقینەمان دەوێت.

 

لەبەرامبەر ئەم ئاڵەنگاریانە ، ژنان لە سووریا خەباتیان بۆ ماف و ئازادی خۆیان بەردەوامە، لە نێوان دروشمی کراوەیی و سیاسەتی بەرتەسککەرەوەدا گیریان خواردووە کە لەسەر زەمینە جێبەجێ دەکرێن.