گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە شوێنی شەهیدبوونیان بەبیرهێنرانەوە

لە شوێنی شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین" ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان بە داگیرساندنی ٣٦٤ مۆم، بەبیریان هێننانەوە.

سلێمانی 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین" بە بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە گوندی تەپەڕەشی سنووری شارۆچكەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هاوڕێ و هاوپیشە و ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان، لە هەمان شوێنی شەهیدبوونیان بەبیریان هێنانەوە و  ٣٦٤ مۆمیان داگیرساند.

 

لە چالاکییەکەدا هاوڕێ و هاوپیشەی شەهیدان، وتیان: چۆن ئەم مۆمانەمان داگیرساندووە ڕووناكی و شەوقیان هەیە، بۆ هەمیشە ئەوان ڕێگەی ڕۆشنكەرەوەی ڕێگای ئێمەن ئەو ڕووناكییەیان ناكوژێتەوە، ئێمە وەك هاوپیشەیان بەهەمان ڕۆحییەتی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ڕاگەیاندنی ئازاد تێكۆشان بەردەوام دەكەین، ئەوەی پێویست بێت بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان كاری لەسەر دەكەین و كاریشمان لەسەركردووە، ئێمە نەترساوین نەپساوین وەك چیا لێرە چەسپاوین، تا دوا هەناسە بۆ خەباتی ئەو شەهیدانە تێكۆشان دەكەین.

 

ئاماژە بەوەکرا، ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی ئێستا لە باكووری كوردستان و ناوخۆی توركیادا دەستی پێ کردووە، بەرهەمی خوێنی ئەم شەهیدانەیە، بەهەمانشێوە لە ڕۆژئاوای كوردستان خۆبەڕێوەبەرییەك هەیە، ئێمەش بەهەمان نەفەسی شەهیدان بەردەوامی بە ڕاگەیاندنی ئازاد و خەباتی هاوپیشەكانمان دەدەین، ڕێگە و ڕێبازی ئەوان، بۆ هەمیشە بەردەوامە و ڕێگەیان ڕووناكە لەسەر هەمان ئامانج كە ئەوان تێكۆشانیان بۆ كرد بەردەوامین لەناو كاری ڕاگەیاندنی ئازاد، درێژە بەو خەباتەی ئەوان دەدەی.

 

لە کۆتاییشدا بە وتنەوەی درووشمی “شەهید نامرن” کۆتای بە چالاکییەکە هات.