گونای یاقوت: ئێمە لە ڕێگەی ڕێکخستن و هاودەنگی و کردەوەی هاوبەشەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبینەوە
شارەوانی پیاس لە ئامەد خەریکی پتەوکردنی هاودەنگی و تۆڕەکانی بەرهەمهێنانە بۆ "ژیانێکی بێ توندوتیژی" گونای یاقوت، ڕێکخەری بەڕێوبەرایەتی سیاسەتەکانی ژنان ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمییەکان بەهێزترین میکانیزمن بۆ ڕێکخستن و هاوکاری.

ئارژین دیلەک ئۆنجول
ئامەد- بەڕێوەبەرایەتی سیاسەتی ژنان لە شارەوانی بیاس لە باکووری کوردستان هەوڵ دەدات پاڵپشتی و هاوپشتی ژنان فراوانتر بکات، بەهێزکردنیان لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کار و گروپی بەرهەمهێنان و پەرتووکخانەیەک کە ئەزمونەکانیان بە ڵگەدار بکات.
پاش سەرکەوتنی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان لە شارەوانی بیاس لە ئامەدا بە بەدەستهێنانی ٦٨،٨٥٪ ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤، شارەوانی بەڕێوەبەرایەتی سیاسەتی ژنانی چالاک کردەوە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و یاسایی.
"لە ماوەی یەک ساڵدا ١١٦ ژن سکاڵایان لەسەر توندوتیژی جەستەی لە شارەوانی تۆمارکردووە"
گونای یاقوت، ڕێکخەری بەڕێوبەرایەتی سیاسەتی ژنان لە شارەوانی بیاس ڕوونیکردەوە، کەئەو ناوەندانەی ژیانی ژنان کە لەناو شارەوانیدا کراونەتەوە، چیتر تەنها شوێنی ڕێکخستن و هاودەنگی و وەبیرهێنانەوەی ئەزمونی ژنان نین، بەڵکو بوونەتە شوێنی یادکردنەوە، ناوەندەکانی ژیانی ژنان بە پلەی یەکەم سەرنجیان لەسەر توندوتیژی دژی ژنانە، هەروەها ژنان دەتوانن لەم ناوەندانەدا دەستیان بە خزمەتگوزاریەکانی ڕاوێژکاری یاسایی و دەروونی و تاکەکەسی بگات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک شارەوانی بیاس لە ماوەی ساڵێکدا داواکاریمان لە ١١٦ ژن وەرگرتوە، زۆرێکیان بەهۆی توندوتیژی خێزانیەوە هاتونەتە لای ئێمە، بەڵام ئەم توندوتیژییە بەگشتی جەستەی بووە، هەروەها تێبینیمان کردوە کە توشی توندوتیژی دەروونی و ئابووری توند کراون.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ناوەندەکانی ژیانی ژنان ئەو شوێنانەن کە ژنان دەتوانن پەرە بە ڕێڕەوی پیشەی خۆیان بدەن، هەندێکجار کات بەسەر دەبەن، یان بەشداری لە چالاکییە وەرزشییەکان دەکەن، دوای تەواوکردنی وۆرکشۆپەکان، زۆرجار ژنان دەیانەوێت خولی پەروەردەی دیکە وەربگرن، چونکە دەتوانن لەوێ بارگرانی خۆیان کەمکەنەوە، بەشداری و داهێنان بکەن، هەر ئەمەشە وایکردوە ئەم ناوەندانە زۆر گرنگ بن بۆ ئێمە.
"بۆ ژیانێکی دوور لە توندوتیژی"
گونای یاقوت، ئاماژەی بەوەشکرد، بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە و قەوارەکانی دیکەی شارەکە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی ژنان بۆ بونیادنانی ژیانێکی دوور لە توندوتیژی، ئێمە تەنها پشت بە تواناکانی شارەوانی نابەستین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، هاوکاری لە نێوان شارەوانییەکان و هەروەها لە نێوان بازرگانان و دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شارەکەدا هەیە، بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە گەشتەکەیان بەرەو ژیانێکی دوور لە توندوتیژی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم پڕۆسەیەدا هەلی کار بۆ ئەو ژنانە دابینکرا کە بە جیابوونەوەدا تێدەپەڕن و ئارەزووی بونیادنانی ژیانێکی دوور لە توندوتیژی لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن، لەڕێگەی ئەو پرۆتۆکۆڵانەی کە لەگەڵ بازرگانەکان لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجامدراون، هەلی کار بۆ ژنان دابیندەکرێت.
"دەرفەتی دامەزراندن لە ڕێگەی گروپەکانی بەرهەمهێنانی شارەوانییەوە دابیندەکرێت"
گونای یاقوت ڕوونی کردەوە، کە شارەوانی بیاس دوو گروپی بەرهەمهێنانی بۆ ئەو ژنانە دامەزراندوە کە دەیانەوێت سەربەخۆی ئابووری بەدەست بهێنن و ژیانێکی دوور لە توندوتیژی بونیاد بنێن، هەروەها لە بازاڕی کاری ژناندا کۆشک هەیە کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت، لەوێ بەرهەمە دەستکردەکانیان دەفرۆشن، دوای ئەوەی هێزێکی پێویستیان دەستدەکەوێت، بزنسێک لە بوارێکی دیکەدا دادەمەزرێنن، دواتر ژنێکی دیکە دەستدەکات بە بەڕێوەبردنی کۆشکەکە، و بەهێزکردنی ئابوورییان دەتوانێت بەشداربێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی، کە ئەوان وەک پرۆسەیەکی گشتگیر لە بەهێزکردنی ژنان نزیکدەبنەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە پەرتووکخانەی بازرگانی ژنانمان لە بیاس دامەزراند بە ئامانجی تیشک خستنە سەر مێژوو و ئەزمون و بەرهەمهێنانی ژنان، و دابینکردنی ژینگەیەک کە ژنان بتوانن تێیدا کۆببنەوە و زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەن و یادەوەری کۆمەڵگەکەیان بەرز بکەنەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، کە پەرتووکخانەکە بووەتە ناوەندێک کە بەرهەمی ژنانی نووسەران و لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە مێژووی ژنان و نامیلکە و ڕاپۆرتەکانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لەخۆدەگرێت، پەرتووکخانەکە بووەتە شوێنی ژیان کە وۆرکشۆپی ناوازەی تێدا بەڕێوەدەچێت، هەروەها ئەزمون و نەریتی خۆڕاگری ڕۆژانەی ژنان تێیدا بە چڕی باس دەکرێت.
"توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە"
گونای یاقوت ئاماژەی بە پەرەسەندنی توندوتیژیەکان کرد لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی کە لە شوێنی خۆیانن و بەس نین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پەرەسەندنە، لە ماوەی مانگ و نیوێکدا پێنج ژن لە ئامەد کوژراون و ژنێک لە هەلومەرجێکی گوماناویدا گیانی لەدەستداوە، وتی: بە سەیرکردنی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بۆمان دەردەکەوێت کە ١٣٦ ژن کوژراون، ٩٠یان لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە کوژراون، بەشێکی زیادی ئەو ژنانە بەهۆی ئەوەی ویستوویانە جیاببنەوە کوژراون.
"هەڵمەتەکانی دژە توندوتیژی"
گونای یاقوت ئاماژەی بەوەشکرد، کە دوای دەستبەکاربوونیان چەندین هەڵمەتی دژە توندوتیژییان دەستپێکردوە، وەک شارەوانییەکانی سەر بە پارتی دیموکرات، لە ١٣ی شوباتی ساڵی ڕابردودا بە دروشمی 'قسەمان کۆتای نەهاتوە، و پێکەوە توندوتیژی ڕادەگرین'، هەڵمەتێکمان دەستپێکرد، لە ڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە هەوڵماندا بگەینە هەموو ژنانی شار یان ناوچەکە، ڕێگاکانیان بۆ بکەینەوە کە ڕوویان تێبکەن، بەشداری خەباتێکی هاوبەش بکەن و ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە کەم بکەینەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەشت مانگ بەسەر دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتەدا تێپەڕیوە، لە کۆتایی مانگی هەشتەمیشدا، ئێمە مەودای کارکردنمان فراوانتر کرد، هەموو شارەوانییەکانی دێم لە هاویندا دەستیان کرد بە ڕێکخستنی سیمینار لە پارکەکاندا دژی ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها وەک گروپ چووینە پارکەکان، قسەمان لەگەڵ ژنان کرد، و زانیاریمان پێدان سەبارەت بەو ناوەندانەی کە دەتوانن بچنە سەریان ئەگەر قوربانی توندوتیژی بن.
ڕوونیشیکردەوە، لە ڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە بە ڕوونی دەبینین لە ماوەی دە ساڵی ڕابردودا مافی دەربڕینی خۆیان لە بواری گشتیدا بە ژنان نەداوە، ئەو ژنانەی ئەو مافەیان پێدراوە بە ئامادەی خۆیان دەردەبڕن، ئەمەش هەستێکی بەهێزیان پێدەبەخشێت، بەڵێ ئەم چالاکییانە بە تەنها بەس نین بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان یان کوشتنیان.
"لە پارکەکانەوە بۆ شارەوانیەکان... دەنگی ژنان دەبیسترێت"
گونای یاکوت وتی: تا ئێستا تەنها لە چوار پارکدا چالاکییەکانمان ئەنجامداوە، ئەم کارەش تا کۆتای مانگی داهاتو بەردەوام دەبێت، لەم پارکانەدا لەگەڵ نزیکەی ٨٠٠ ژن کۆبووینەوە و دوای ئەم کۆبوونەوانە نزیکەی ١٠ کەسیان سکاڵای توندوتیژییان لە شارەوانی تۆمارکردوە، هەندێک لە داواکارییەکان ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکان گەیشتوونەتە دەستمان.
جەختی لەوە کردەوە، کە لە ناو خێزانەوە فشاری کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان هەیە، هەروەها نۆرمێکی کۆمەڵایەتیش هەیە کە وتیان توندوتیژی دەبێت لەناو خێزانەکەدا بمێنێتەوە، کاتێک ژن پەنا بۆ میکانیزمێک دەبات، زۆرن ئەوانەی پێیان وتووە: سەرەتا بڕۆ و لەناو خێزانەکەدا کێشەکە چارەسەر بکە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ژنان کاتێک توشی توندوتیژی دەبن، ناتوانن ڕوو لە دامەزراوەیەک بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە قۆناغی نوێدا بە پشتبەستن بە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ ژنان و سەردانی ماڵەکان و کۆبوونەوەکانمان لە پارکەکاندا، ڕاپۆرتێک بڵاودەکەینەوە، لەڕاستیدا ئەم کارە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن دەبێت لە قۆناغی داهاتودا بەردەوام بین لە کارەکانمان، چونکە کاتێک هەر کارێک ئەنجام دەدەین، پێکەوە لەگەڵ ژنان خۆیان بڕیارەکە دەدەین.
"ئامانجمان هەیە بۆ زیادکردنی گروپەکانی بەرهەمهێنان"
گونای یاقوت جەختی لەوە کردەوە: کە ئەوان سیاسەتێک پەیڕەو دەکەن کە ژنان دەهێنێتە ناو کایەی گشتی، بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتانەی کە لە ماڵەوە قەتیسیان دەکات، لەگەڵ ژنان کۆدەبینەوە و وۆرکشۆپ لەسەر ڕەگەز و مافە یاساییەکانمان ڕێکدەخەین.
سەبارەت بە زیادکردنی گروپەکانی بەرهەمهێنان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکێک لەو ئامانجانە ئەوەیە کە شارەوانی بیاس باخچەیەکی ڕووەکی دەرمانی و بۆنخۆشی هەبێت، کە تیایدا شوێنێک دروست دەکەین کە ژنان بتوانن کۆببنەوە و لەو ڕووەکانە بەرهەمبهێنن، ئامانجمان تەنها بۆ ژنانی ناوەندەکە نییە، بەڵکو دروستکردنی گروپی بەرهەمهێنانە کە ژنانی گوند و شارەکان کۆبکەنەوە بۆ زیندوکردنەوەی کاری دایکان و داپیرەکان لە بواری پزیشکی جێگرەوەدا.
ڕوونیکردەوە کە بەڕێوبەرایەتیە ناوخۆییەکان ئاواتێکیان هەیە بۆ گۆڕینی شارەکان بۆ شوێنێک کە ژنان بتوانن بە ئازادی بژین و کاردەکەن بۆ گەیشتن بەو خواستە، وتیشی: وەک بەرێوەبەرایەتییەکانی سیاسەتی ژنان ئامانجێکمان هەیە کە زۆرترین ژمارەی ژنان لە شار یان ناوچەکەدا ببینین و بە هاوسۆزی لەگەڵیاندا بوەستین، باوەڕمان بە هێزی خەباتی هاوبەش و بەرگریکردن لە خۆمان هەیە لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
گونای یاقوت لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای لە هەموو ژنان کرد لە دەوری ناوەندەکانی هاوپشتی ژنان کۆببنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و وتی: دەزانین شوێنێک هەیە کە دەتوانین پێی بگەین کاتێک دراوسێیەکەمان، خۆمان، یان کەسێک کە دەیناسین توشی توندوتیژی دەبێت، هەروەها داوا لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە پێویستیان بە پشتیوانییە، ڕوو لە ناوەندەکانی هاوپشتی ژنانمان بکەن.