گەرمیان خالید: زۆری ڕیژەی چەک هۆکاری کوشتنەکانە

نوسەر و مافپەروەر دەربارەی زیادبوونی ڕێژەی خۆکوشتن زیادبوونی چەک و ئاڕاستەی کاری میدیاکان بە هۆکار دەزانێت، هەروەها خەریککردنی هاوڵاتیان بە هەواڵی کوشتن و لەبیر بردنەوەی کێشە سەرەکییان بە هۆکاری چارەسەرنەکردنی دۆخەکەوە دەزانێت لەلایەن حکومەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسەر و مافپەروەر گەرمیان خالید گڕاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆی دەربارەی زیادبوونی کوشتن و خۆکوشتن دەنووسێت "بکوژەکان پیاوی خۆتانن!"

 

ئەو نووسەرە دەربارەی کوشتن نووسیویەتی: کوشتن یەکێکە لە کارە ھەرە قێزەون و قورسەکان، بە شێوەیەکی گشتی ھیچ وڵات و کۆمەڵگایەک بێ بەش نییە لە حاڵەتەکانی کوشتن، کە بە سەدان جۆر و شێوەی جیاواز ئەنجام دەدرێت، ڕۆژانەش بەچاوی خۆمان دەبینین چی دەگوزەرێت لەم ھەرێمەدا، ئەوەی مایەی ترس و ھەڵوەستە لەسەر کردنە ئەوەیە کوشتن بووەتە دیاردەیەکی رۆتینی.

 

گەرمیان دەڵێت ھەرێمی کوردستان ووردە ووردە  ھەنگاو دەنێت بۆ گەیشتنەوە بە وڵاتێکی وەک باشوری ئەفریقا کە کوشتن بووەتە دیاردەی رۆژانە، بەڵام بەرواردی ژمارەی دانیشتوان، ھەر نزیکی پەنجا ملیۆنێلێک جیاوازی هەیە!، بەو واتایەی ھەرێمی کوردستان ٥ ملیۆن کەسە، و دانیشتووانی ئەفریقاش ٥٤ ملیۆن کەسە!.

 

زۆری ڕێژەی چەک هۆکاری زیادبوونی کوشتنە

سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی کوشتن و ڕێگاخۆشکەرەکان و ڕۆڵی یاسا و سۆشیال میدیا گەرمیان دەنووسێت: "کۆمەڵێک ھۆکاری دیار و زەق ھەن، وایکردووە کار ئاسانی  لە کوشتن دروستبێت، پیلانی پێشوەختە و ئامانجەکانی تاوانباران بپێکێندرێن، یەکێک لە ھۆکارە دیارەکان زۆری ڕێژەی چەکە، ئەوەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک گروپ و چەند بەرپرسێک ئەنجام دەدرێت، بەشێوەی ڕێکەوتن، بۆ ھێنان و ھاوردەکردنی چەک، بێگومان ئەمەش بۆ تێکدانی ئارامی، دۆخ و ژیانی ھاوڵاتیانە.

سۆشیال میدیا هانی هاوڵاتیان دەدات:

"لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێکی کوشتن، ناوەندی خۆشکردنی گەمەکان و بە ئاسایی وەرگرتنی دۆخەکان، ڕۆڵی ھاندانی ھاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، سۆشیال میدیایە!، کە دەورەکە وەک خۆی و زیاتر و گەورەتریش دەگێڕێت، زۆربەی دەزگاکانیش بە ھەمان شێوەی یەکتر دیمەنەکان پیشان دەدەن، بێ ئەوەی ھەستبکەن بە بەرپرسیاری و ترسناکی لە نیشاندانی دۆخ و دیمەنەکان.

 

بڕیاری عەشیرەت شوێنی یاسای گرتووەتەوە

ئەو مافپەروەرە دەڵێت: زۆرجار یاسا و دادگا ھیچی بۆ نامێنێتەوە لە ھەمبەر سەرۆک ھۆز و پیاو ماقولان، کە بووەتە پەناگەیەکی مەترسیدار بۆ لەخۆگرتنی تۆمەتبارە ترسناکەکان، دەستتێوەردانی کێشە هەستیارەکان بووەتە هۆکار بۆ پەکخستنی ڕێڕەوی دادگایی کردن و وەرنەگرتنی سزای شایشتە بە تاوانەکانیان.

لە ماددەکانی (٤٠٥) و (٤٠٦)، لە یاسای سزادان عیراقی کە تایبەتن بە؛ تاوانی کوشتنی بەئەنقەستە (قتل العمد)، و بەتایبەتی ماددەی(٤٠٦) بارودۆخی توندکەر (ضروف مشدد)، کە سزاکەی توندکراوە بۆ لە سێدارەدان (اعدام)، بەڵام بەھۆی وەستانی سزای لەسێدارەدان، لە عێڕاق و ھەرێمی کوردستان، ئەم سزاییە جێ بەجێ ناکرێت، لێرەش زەمینەی باشتر ڕەخسا بۆ بکوژان.

 

گەرمیان خالید گەڕاوی ئاماژە بەوەدەکات حکومەت سەرباری زانینی مەترسی دۆخە و دەسەڵاتی چارەسەرکردن، بەڵام ئەمانە بە کەرەستە و بابەتی باش دادەنێت بۆ خەریککردنی خەڵک بە بابەتی کوشتنەوە و لە بیر بردنەوەی کێشە سەرەکییەکانی بودجە، مووچە، کارەبا، ئاو، رێگاوبان و قەیرانەکان، لە کۆتایشدا دەڵێت بکوژەکان پیاوی خۆتانن، چوونکە زەمینە سازی کراوە نەک ڕێگری و سەپاندنی سزای توند.

 

ت.پ