ژمارەی گیان لەدەستدانی غەززە گەیشتە ٣٤ هەزار و ٣٠٥ كەس

لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٣٠٥ هاوڵاتیی غەززە كوژراون و ٧٧ هەزار ٢٩٣ كەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندرووستی غەززە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە، لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەززەدا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٤ هەزار و ٣٠٥ هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون و ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٧ هەزار و ٢٩٣ كەس.

 

باس لەوەکراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٤٣ كەس لە غەزە كوژراون و ٦ـی دیكەش بریندار بوون.

 

ماوەی ٢٠٢ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.